توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرا كرد كە پێوەندییەكی گریمانكراو لە نێوان جۆرە ڤایرۆسەكی بڵاو و نەخۆشی پاركنسۆنەوە هەیە، كە ئەوەش تێگەیشتنی مرۆڤ بەرانبەر بە هۆكاری ئەو نەخۆشییە بڵاوە و خۆپاراستن و چارەسەركردنی دەگۆڕێت.
تیمێك لە
توێژەران لە زانكۆی نۆرس وێسترن چەند نموونەیەكی شانەی مێشك و شلەی دڕكەپەتكی نەخۆشانی مردووی پاركنسۆنیان شی كردەوە، ئەوانیان بە چەند نموونەیەك لە كەسانی زیندوو و ئاسایی بەراورد كرد، تیمەكە بوونی پێوەندییەكی گریمانكراوی لە نێوان بوونی ڤایرۆسی " Pegivirus"ی مرۆیی لە جۆری " HPgV "، و نەخۆشی پاركنسۆن بەدی كرد.
توێژینەوەكەی دەری خست ئەو ڤایرۆسە كە پێشتر وەك بێ زیان سەیری دەكرا، لە مێشكی 50%ی نەخۆشەكانی پاركنسۆن هەبووە، لەوكاتەی لە مێشكی مرۆڤە ئاساییەكان بوونی نەبووە، ئەو دۆزینەوەش گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە پێشتر ئەو ڤایرۆسە بە بێ زیان دادەنرا كە هیچ نەخۆشییەك دروست ناكات، باوەڕیش نەدەكرا بەو زۆرییە لە مێشكی نەخۆشانی پاركنسۆنەوە هەبێت.
لەوەش زیاتر توێژەران بۆیان دەركەوت كە وەڵامدانەوەیەكی سیستمی بەرگری لای هەڵگرانی ڤایرۆسەكە هەیە، كە بەگوێرەی پێكهاتەی جینیی هەر كەسێك جیاوازە، د. ئیگۆر كۆرالنیك سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە دەڵێت، ئەو ئەنجامانە ئاسۆیەكی نوێ بۆ تێگەیشتنی هۆكاری دروستبوونی پاركنسۆن والا دەكات، كە تا ئێستە هۆكاری زۆرینەی حاڵتەكانی نادیارە، هاوكات رێگەش بۆ دۆزینەوەی دەرمان و چارەسەری بۆ نەخۆشییەكە خۆش دەكات، جا لە رێگەی پەرەپێدانی ڤاكسین بێت لە دژی ڤایرۆوسەكە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون، یان بەرهەمهێنانی دەرمان بۆ رێگرتن لە كارلێككردنی ڤایرۆسەكە و جینەكانی مرۆڤ و سەرهەڵدانی حاڵەتەكە، لەوەش گرنگتر توێژینەوەكە زیانبەخشیی ڤایرۆسەكەی بۆ كۆئەندامی دەمار دەرخست.