نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخاینەكان كە ساڵانە دەیان هەزار كەس تووشی دەبن و ئەوانەشی تووشی دەبن بەهۆی كاریگەرییە نەرێنییەكانی پەكیان دەكەوێت یان گیان لەدەست دەدەن، بۆیە خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی لەكاتی تووشبوون زۆر گرنگە، توێژینەوەیەكی ئەمەریكی باسی ئەوە دەكات خواردنی شەوانەی فستق كار لەو كەسانە دەكات كە نیشانە پێشوەختەكانی شەكرەیان لەسەر دەركەوتووە و سوودی بۆ تەندروستی هەیە و پەرەسەندنی جۆری دووەمی شەكرە سست دەكاتەوە.
توێژەران لە زانكۆی ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمەریكی ئاماژە دەكەن ئەنجامی توێژینەوەكەیان دەری دەخات فستق شوێنگرەوەیەكی باشە بۆ ژەمە خێراكانی شەوانە بۆ ئەوانەی تووشی نیشانەكانی زووی نەخۆشی شەكرە بوونە لە بری ژەمی كاربۆهیدرات، لەگەڵ دابینكردنی هەمان كاریگەری بۆ رێكخستنی ئاستی گلوكۆز لە خوێن.
قۆناغی پێش تووشبوون بە شەكرە ئەو قۆناغەیە رێژەی شەكر بەرزە، بەڵام هێشتا ئەو كەسە وەك نەخۆشی شەكرە دەست نیشان نەكراوە، كە یەك لەسەر سێی ئەمەریكییەكان ئەو حاڵەتەیان هەیە و زۆرینەیان هەڕەشەی تووشبوونیان لەسەرە، لەوكاتەی میكرۆبەكانی ریخۆڵە رۆڵیان لە رێكخستنی گلوكۆز و كەمكردنەوەی هەوكردن لە لەش هەیە، لە توێژینەوەكە دەركەوت كە خواردنی شەوانەی فستق دەبێتە هۆی زیادبوونی چەند جۆرێكی بەكتریای سوودبەخش لە لەش، بەتایبەتی ئەوانەی ترشی بیوتیرات بەرهەم دێنن، كە سەرچاوەی سەرەكیی وزەی خانەكانی قۆڵۆنن و پەردەكانی ریخۆڵە و فەرمانەكانی بەرگریی لەش بەهێز دەكەن و هەوكردنی درێژخایەن كەم دەكەنەوە.
هاوكات دەركەوت كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەكتریای زیانبەخش، كە دەبنە هۆی كەڵەكەبوونی هەندێك گیراوە لە خوێن كە بە نەرێنی كار لە دڵ و گورچیلە دەكەن، بۆیە خواردنی فستق دەبێتە هۆی فەراهەمكردنی ژینگەیەكی هاوسەنگ بۆ میكرۆبەكانی ریخۆڵە بەهۆی ئەوەی توانای رێكخستنەوەی میكرۆبیۆمی ریخۆڵە بە شێوەیەكی زیاتر تەندروستی هەیە.