پێشکەوتنێکی گەورە لە چارەسەری ڕووتانەوەدا... ئەنجامەکەی لە ماوەی دوو مانگدا دەردەکەوێت

:: AM:10:15:15/08/2025 ‌
دەرمانێکی تاقیکاریی نوێ و داهێنەرانە بووەتە هۆی دووبارە گەشەکردنەوەی قژ لەسەر پێستی سەری ئەو ژن و پیاوانەی کە تووشی ڕووتانەوە بوون لە پێشەوە و سەرەوەی سەریان و لە تاقیکردنەوە کلینیکییە سەرەتاییەکاندا ئەنجامی زۆر هیوابەخشی بەدەستهێناوە.

لە تاقیکردنەوەی قۆناغی دوودا، بەشداربووان ڕۆژانە جێڵێکیان لە پێستی سەریان داوە کە دەرمانی PP405ـی تێدابووە. ئەنجامەکان سەرسوڕهێنەر بوون و تا هەفتەی هەشتەم، بەشداربووان تێبینیی دەستپێکردنی گەشەی قژیان کرد.

ئەنجامەکان:
**31%**ی ئەو کەسانەی دەرمانەکەیان بەکارهێنابوو، چڕی قژیان بە ڕێژەی زیاتر لە 20% زیادی کرد.
هیچ گەشەیەکی قژ لەو گرووپەدا بەدی نەکرا کە دەرمانی ساختەیان (placebo) بەکارهێنابوو.
هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی تۆمار نەکرا و دەرمانەکە لە خوێندا نەدۆزرایەوە، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕەنگە کاریگەریی لەسەر بەشەکانی تری لەش نەبێت.
ئەم دۆزینەوەیە زۆر گرنگە، چونکە دەرمانەکانی ئێستا وەک "فیناستراید" و "مینۆکسیدیل" نزیکەی شەش مانگیان پێویستە تا کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبێت، و زۆرجار ئەو قژەی دروستی دەکەنەوە لە قژی سروشتی باریکترە. هەروەها مەترسیی تێکەڵبوون بە خوێن و کاریگەریی لاوەکی وەک لاوازیی سێکسی و کێشەی دڵیان هەیە.


دکتۆرە چینگ یو کریستینا وینگ، پزیشکی پسپۆڕی پێست و یەکێک لە بەرپرسانی پزیشکیی تاقیکردنەوەکان، دەڵێت: "ئێمە بە ئەنجامەکان سەرسام بووین. دوای تەنیا چوار هەفتە، قژێکی سروشتی و پڕ دەرکەوت، نەک تەنیا مووی ورد و ناسک."

چۆن کار دەکات؟
دەرمانەکە لە ڕێگەی هاندانی چالاکیی ئەنزیمێکەوە کاردەکات بە ناوی "لاکتات دیهایدرۆجینیز"، کە خانە نووستووەکانی قژ چالاک دەکاتەوە. دکتۆر گاری لینکۆڤ، نەشتەرگەری جوانکاری، دەڵێت: لە زۆربەی حاڵەتەکانی قژوەریندا، خانەکانی قژ نەمردوون، بەڵکو لە دۆخی نووستندان. ئەگەر بتوانین ئەو سویچە دووبارە کارپێبکەینەوە، دەتوانین قژ لەو ناوچانەشدا بڕوێنینەوە کە پێشتر بە ڕووتاوەی هەمیشەیی دادەنران.

دۆخی ئێستای دەرمانەکە:
ئێستا دەرمانی PP405 ڕەزامەندیی وەرگرتووە بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانەوە. ئەگەر تاقیکردنەوەکانی داهاتوو سەرکەوتوو بن، ڕەنگە دەرمانەکە تا ساڵانی 2027-2028 بگاتە بازاڕەکانی ئەمەریکا.
سەرچاوە: دەیلی مەیڵ


وشە - پۆڵا مەحموود