د. حوسێن عەلی: بەشێكی زۆری ئەوانەی بەردی زراویان هەیە پێی نازانن

:: PM:12:59:30/08/2025 ‌
د. حوسێن عەلی رای گەیاند، بەردی زراو لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی زەرداو لە شێوەی بەرد لە توورەكەی زراو یان بۆڕیی زراودا دروست دەبێ. دەشڵێت، بەشێكی زۆری ئەوانەی بەردی زراویان هەیە پێی نازانن و هیچ كێشەیەكیان بۆ دروست ناكات.

د. حوسێن عەلی پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، لە نووسینێكدا ئاماژە بە بەردی زراو و چۆنیەتیی چارەسەركردنی دەكات و دەقی نووسینەكەی بەم جۆرەیە:

بەردی زراو لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی زەرداو لە شێوەی بەرد لە توورەكەی زراو یان بۆڕیی زراودا دروست دەبێ.

ئەو پسپۆرە دەپرسێت ئایا مەترسیدارە؟ خۆی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: بەشێكی زۆری ئەوانەی بەردی زراویان هەیە، پێی نازانن و هیچ كێشەیەكیان بۆ دروست ناكات.

ئاماژەی بەوە داوە، لەم كاتانەدا دەكرێ مەترسی دروست بكات، ئەوكاتەی ببێتە هۆی هەوكردنی زراو، یان بەردەم ملی زراو بگرێ، یان بەردەكە بچێتە بۆڕیی زراو.

د. حوسێن عەلی ئەوەشی گوت، لەم حاڵەتانەدا دەبێ بە زووترین كات چارەسەر بكرێ، بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەكە، لەوانەش تەقینی زراو، هەوكرنی پەنكریاس، زەردوویی و كێشەی جگەر.

چۆن بزانم ئازارەكەم هی زراوە؟ د. حوسێن عەلی دەڵێت،  ئازاری بەشی لای ڕاست و سەرەوەی سك و دەكرێ ئازارەكە بچێتە لای شان و پشت، ئازاری لای گەدە، بۆیە هەندێك جار لەگەڵ نەخۆشیی گەدە تێكەڵ دەبێ،  لەگەڵ دڵ تێكەڵهاتن و لەرز و تا تێكەڵ دەبێت.

ئەو پسپۆرە ئامۆژگاریمان دەكات لە ئەگەری هەبوونی نیشانەكان، باشترە بەزووترین كات سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێ . ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لابردنی توورەكەی زراو لە كاتی گونجاودا، باشترین چارەسەرە، كە زۆربەی كات لە ڕێگەی لاپرۆسكۆپ(ناڤور) ئەنجام دەدرێ، لە هەندێ حاڵەتی تایبەتدا بە هەڵدڕین دەكرێت.




وشە - سۆران عەزیز