تەندروستیی ئێسك یەكێكە لە بابەتە گرنگەكان، بەتایبەتی كاتێك ژن یان پیاو دەچنە ناو تەمەنەوە، وەك هەموو شتێكی تر بە گرنگییەكەی نازانرێت تا كاتی تووشی كێشە دەبنەوە، لە دوای تەمەنی 30 ساڵی ئێسكی مرۆڤ هێز و چڕییەكەی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، بەڵام چۆن لە پووكانەوەی دەیپارێزیت؟
مرۆڤ لە كۆتایی بیستەكانی تەمەنی لەوپەڕی بەهێزی ئێسكەكانیەتی، بەڵام دوای ئەوە روو لە پووكانەوە و بێهێزی دەكەن، بەتایبەتی لەو ژنانەی دووچاری گۆڕانكاریی هۆرمۆنی دەبنەوە یان حاڵەتی دیاریكراوی ناتەندروستیان هەیە یان نەخۆشی، لە كێشە باوەكانی ئێسك لە دوای تەمەنی 30 ساڵی پووكانەوەیە، كاتێك هێز و چڕیی ئێسك كەم دەبێتەوە، كە رەنگە نیشانەی نەبێت و هۆكارەكەش بەهۆی بەدخۆراكی و كەمیی ڤیتامین دی و جگەرەكێشان و كەمجووڵانەوە و كەمیی چالاكی جەستەیی بێت، كە بوار بەو نەخۆشییە دەدات بە بێدەنگی پەرە بستێنێت.
پووكانەوەی پێشكەوتووی ئێسك وا دەكات ئێسك لاواز وپووكاوە بێت و ئەگەری شكانی لەگەڵ جووڵانەوەی ئاسایی لێ بكرێت، بەتایبەتی ئێسكی سمت و پشت و باسك، زۆرجاریش دوای شكان تووشبوون بەو نەخۆشییە دەزانرێت، جیا لە مەترسیی شكان، ئازار و كووڕبوونەوەی بڕبڕەی پشتی لەگەڵ دەبێت، یەكێك لە هۆكارەكەی كەمیی ڤیتامین دی و كالیسیۆمە، بەتایبەتی لەو ژنانەی خۆیان لە خواردنی بەرهەمەكانی ئەلبان دوور دەخەنەوە و یان خۆراكی دەوڵەمەند بە كالسیۆم ناخۆن.
جیا لەوە گۆڕانكاریی هۆرمۆنی رۆڵی گەورەی لە تووشبوون هەیە و كەمبوونەوەی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە دوای 30 ساڵی، بەتایبەتی لە دوای وەستانی یەكجارەكیی سووڕی مانگانە لە ژن، دەبێتە هۆی خێراتربوونی لەدەستدانی بارستەی ئێسك و زیادبوونی پووكانەوەی ئێسك، هەندێك جۆر دەرمانیش دروستی دەكات وەك چارەسەری شێوانی رژێنی دەرەقی و شێرپەنجە، هەروەها خراپ بەكارهێنانی دەرمانی دابەینی كێش كە ئێسك و ماسولكە لاواز دەكەن.
بۆ خۆپاراستن لە پووكانەوەی ئێسك پێویستە پێڕەوی سیستمێكی خۆراكی دەوڵەمەند بە كالسیۆم و ڤیتامین دی بكرێت، وەرزش و راهێنانی وەرزشی بە بەردەوام بكرێت، خۆت لە جگەرەكێشان بە دوور بگرە و لە دوای 30 ساڵ چاودێریی پزیشكیی چڕیی ئێسك بكە و راوێژ بە پزیشكی پسپۆڕ لەبارەی هەر دەرمانێك بكە كە كار لە تەندروستی ئێسك دەكات.