میوە بەشێكی سەرەكییە لە سیستمی خۆراكی تەندروست كە خۆی لە ڤیتامینەكان و ئاسن و ریشاڵ و دژە ئۆكسید دەبینێتەوە، بەڵام بەپێی بەشی تەندروستیی پێگەیەك، هەندێك میوە هەن رێژەیەكی زۆری شەكری سروشتییان تێدایە كە بە زێدەڕۆیی لە خواردنیان، ئاستی شەكر لە خوێندا بەرز دەكەنەوە.
پێگەی "ئەهرام"ی میسری، هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی پێگەی Very Well Health وەرگرتووە و باس لە میوانە دەكات كە رێژەی شیرینی تێیاندا بەرزە، بۆیە گرنگە لە خواردنیان زێدەڕۆیی نەكرێت، چونكە ئاكام ئاستی شەكر لە خوێندا بەرز دەكەنەوە، نموونەیان خورما، قەیسی، كاڵەك، شەمامە، مۆزی پێگەیشتوو، ئەناناس و میوەی وشككراوە، هەموو ئەوانە هی ئەوەن وریایی لە خواردنیان بدرێت كە وێڕای سوودەكانیان، بە زێدەڕۆیی لە خواردنیان زیانیان هەیە.
خورما بە تامە خۆشەكەی كە شیرینە، یەك دەنگ خورما 16 گرام شەكر لەخۆ دەگرێت، بۆیە زۆرترین ئاستی شەكر لە خوێندا بەرز دەكاتەوە، بۆیە زۆر خواردنی باش نییە. كاڵەكیش بەهەمانشێوە بەتایبەتی لە هاویندا پێدەگات و خەڵكێكی زۆریش هۆگری خواردنین، یەك كووپ ئاوی كاڵەك بڕی 9,5 گرام شەكر لەخۆ دەگرێت، بۆیە ئامۆژگاری دەدرێت كە لە خواردنی زێدەڕۆیی نەكەین.
شەمامەیش میوەیەكی ترە كە شەكری زۆر لەخۆ دەگرێت، باس لەوە دەكرێ كە یەك كووپ ئاوی شەمامە، بڕی 12,5 گرام شەكر لەخۆ دەگرێت. قەیسیش ئەو میوەیەیە كە یەك دانە بڕی 3,2 گرام شەكر لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەگەر بە تازەیی بخورێت، زیانەكەی لە قەیسیی وشككراوە كەمتر دەبێت، ئەویش بەو شێوەیەی زێدەڕۆیی لە خواردنی نەكرێت.
هەروەها باس لە مۆزی پێگەیشتوو دەكرێ كە رێژەی شەكر تێیدا بەرزە، بەڵام ئەگەر مۆزی سەوز بخورێت، رێژەی شەكرەكەی كەمترە. یەك مۆزی پێگەیشتوو، بڕی 31,5 گرام شەكر لەخۆ دەگرێت، بۆیە زۆرترین كاریگەریی لەسەر شەكری خوێن هەیە، وێڕای سوودەكەی، زێدەڕۆیی لە خواردنی زیانمەندە. ئەناناسیش یەك لەو میوانەیە كە یەك دانە لەو میوەیە، بڕی 18,8 گرام شەكر لەخۆ دەگرێت.
دواتریش باس لە میوەی وشككراوە بەشێوەیەكی گشتی دەكرێت كە زۆرترین شەكری سروشتی لەخۆ دەگرن، بۆیە دەبێ ئەوە بزانرێ زیانەكانی میوەی وشككراوە زۆر زیاتر لە میوەی تازە هەیە.