بەچەند ڕێگەیەك دەتوانین ماسی نوێ لە ماسی كۆن جیا بكەینەوە

:: PM:12:19:07/09/2025 ‌
پسپۆڕێكی بواری خۆراك رای گەیاند، بە چەند ڕێگەیەك دەتوانین ماسی نوێ لە ماسی كۆن جیا بكەینەوە، لەوانەش ماسی تازە چاوی بریسكەدارە، چاوی ڕوونە و تەڵخ نییە.

لەشكر حەمید پسپۆڕی بواری خۆراك لە نووسینێكدا ئاماژە بەوە دەكات، چۆن بزانین ئەو ماسییەی دەیكڕین نوێیە و كۆن نەبووە، لە كاتی كڕینی ماسی بۆ ئەوەی بزانین نوێیە و فرێشە، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارە بكەین:-

ئەو پسپۆڕە دەڵێت: ماسیی تازە چاوی بریسكەدارە، چاوی ڕوونە و تەڵخ نییە، چاوی دەرپەڕیوە و قۆقزە.

هاوكات باس لەوەش دەكات، ماسیی تازە كاتێك بەپەنجەت فشار دەخەیتە سەر گۆشتەكەی، لە كاتی لابردنی پەنجەت گۆشتەكە دەچێتەوە شوێنی خۆی، هاوكات پێویستە هیچ برینێك لەسەر پێستەكەی نەبێت.

لەشكر حەمید باسی لەوەش كردووە، دەبێت گوێچكەی ماسی سوورێكی بریقەدار بێت بە چینێكی لینج دادەپۆشرێت، ئەگەر ڕەنگی قاوەیی بوو، ماسییەكە كۆنە و كاتی بەسەردا رۆشتووە، دەبێت بۆنی ئاسایی بێت.

گوتیشی، دەبێت پوولەكەكانی بریقەدار بێت، بەتوندی پوولەكەكان نووسابێت بە پێستەكەوە و نابێت ئاسان هەڵبوەرێت. ماسی كۆن بۆنێكی ناخۆشی هەیە وەك و گازی ئامۆنیا.




وشە - سۆران عەزیز