بوونی دایك و باوك لە ناو خێزان مایەی ئارامی و پێوەندیی بەهێزی ئەندامەكانیەتی، بەتایبەتی دایك، پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ رۆڵەكانی و دەچێتە ناو وردەكاری و قووڵایی ژیانیان و ئەوان بێ دوودڵی و بە متمانەیەكی زۆر و بێ ترس و دڵەراوكێ لاپەڕەكانی دڵ و مێشك و بیركردنەوەی خۆیانی بۆ باس دەكەن، هەموو دایكێك جوان و پڕ سۆز و میهرەبانە، بەڵام بۆچی ئەوان بەتەمەنتر دەردەكەون؟
توێژینەوە نوێكان ئاماژە دەكەن كە رەنگە دایكان خێراتر لە باوكان بچنە ناو تەمەنەوە، نەك تەنیا لەبارەی رووخسارەوە، بەڵكو لە سەر ئاستی بایۆلۆجییەوە، لە توێژینەوەیەكی كۆلێجی میلمان لە زانكۆی كۆڵۆمبیا دەركەوت كە هەر دووگیانبوونێكی ژن دوو بۆ سێ مانگ دەخاتە سەر تەمەنە بایۆلۆجییەكەی، ئەوەش بەهۆی گۆڕانكاریی هۆرمۆنی و شەكەتی و ماندووبوونی جەستەیی كە هاوەڵی دووگیانی و لەدایكبوونە، جیا لە گوشارە بەردەوامەكانی پێوەست بە چاودێری و بەخێوكردنی منداڵ.
دووگیانی گۆڕانكارییەكی چڕی بایۆلۆجییە، لەشی ژن لەو قۆناغە دووچاری گۆڕانكاریی هۆرمۆنی و سیستمی بەرگری و جەستەیی زۆر دەبێتەوە، لەگەڵ هەر دووگیانبوونێكی تریش، هەمان ئەو گۆڕانكارییانەی باس كران دووبارە دەبنەوە و كەڵەكە دەبن، بۆیە چوونە ناو تەمەنی ژن بە بەراورد بە پیاو كە بەو گۆڕانكارییانەدا تێپەڕ نابن خێراترە، هەروەها گۆڕانكارییە هۆرمۆنییەكانی دوای لەدایكبوون، ئەوانەش كار لە كاتی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە دەكەن، كە پێوەستن بە زیادبوونی مەترسیی پووكانەوەی ئێسك و كێشەكانی دڵ و لوولەكانی خوێنەوە.
كاریگەریی دایكایەتی لەسەر ژن لێرە ناوەستێت، واتە تەنیا لەسەر لایەنی بایۆلۆجییەوە، بەڵكو بۆ گوشاری دەروونی و كۆمەڵایەتیش دەچێت، بێبەشبوون لە خەو و زیادبوونی بەرپرسیارەتی و شەكەتی بەردەوامی بەخێوكردنی منداڵ، هەموو ئەوانە دەبنە هۆی زیادبوونی دەردانی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل، كە پیربوونی خانە خێراتر دەكات، توێژینەوەكان دووپاتیان كردەوە كە ئەو دایكانەی بارگرانیی زیاتریان لەسەرە، زووتر نیشانەی پیری و چوونە ناو تەمەنیان لەسەر بەدیار دەكەوێت.