كۆلیسترۆل جۆرە چەورییەكە كە بۆ فەرمانەكانی لەش پێویستە، بەتایبەتی مێشك، راپۆرتێكی ماڵپەڕی "هێلس لاین"، ئاماژە دەكات كە زۆرجار وا بیر دەكەینەوە كە ئەو چەورییە زیانبەخشە و زۆرێكیش هەوڵی كەمكردنەوەی ئاستەكەی لە خوێن دەدەن، كۆلیسترۆل بۆ لەش پێویستە، بەڵام چۆن كار لە مێشك و فەرمانەكانی دەكات؟
نزیكەی 20 بۆ 25%ی كۆلیسترۆلی لەش لە
مێشك كۆبووەتەوە، لەوێ یارمەتی بەیەكەوە بەستنەوەی دەمارەخانەكان و پاراستنیان دەدات، ئەو بەستنەوە پێویستە بۆ پرۆسەی فێربوون و یادەوەری و فەرمانەكانی مێشك بە گشتی، بەڵام ئەو كۆلیسترۆلەی لە خوێن هەیە بۆ مێشك ناچێت و پێویستە مێشك خۆی بەرهەمی بێنێت و كەمبوونەوەی لە مێشك كار لە بەیەكەوەبەستنەوەی خانەكانی مێشك دەكات و رەنگە مێشك تووشی كێشەی بیرهاتنەوە و لەناوچوونی خانەكانی ببێت.
ئەنجام پێویستە پارێزگاری لە ئاستی پێویست و سروشتیی كۆلیسترۆل لە مێشك بكرێت، واتە ئاستەكەی جێگیر بێت، چونكە هەر كەموكورتییەك دەبێتە دەركەوتنی كێشەی گەورەی هەستە دەمارەكان، وەك تووشبوون بە پاركنسۆن و ئەلزەهایمەر، كۆلیسترۆلی خوێن لەگەڵ كۆلیسترۆلی مێشك جیاوازە، بەڵام ئەویش كار لە تەندروستیی مێشك و فەرمانەكانی دەكات، كۆلیسترۆلی خوێن بەتایبەتی كۆلیسترۆلی خراپ یان " LDL " ، پێوەندییەكی بەهێزی بە فەرمانەكانی مێشكەوە هەیە.