مێشكی مرۆڤ تا چەند پێویستیی بە كۆلیسترۆڵ هەیە؟

:: AM:11:08:09/09/2025 ‌
كۆلیسترۆڵ جۆرە چەورییەكە كە بۆ ئەركی ئەندامەكانی جەستە زۆر پێویستە، لە ناویاندا مێشك. لە راپۆرتێكدا كە پێگەیەك بڵاوی كردووەتەوە، زۆربەمان وا دەزانین كۆلیسترۆڵ بۆ جەستە و مێشك خراپە و نەخۆشیی مەترسیدار بەدوای خۆیدا دێنێت، لە كاتێكدا كولیسترۆڵی باشیش هەیە و بەهۆیەوە ئەندامەكانی جەستە تەندروست دەبن.

پێگەی "شەرق ئەوسەت" پشتی بەو راپۆرتە بەستووە كە پێگەی "هێڵس لاین" لەبارەی كۆلیسترۆڵ بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە كۆلیسترۆڵ بۆ ئەندامانی جەستە و جێبەجێكردنی ئەركەكانیان زۆر پێویستە. ئەوەیش دەڵێن كە 20 تا 25%ی ئەو كۆلیسترۆڵەی لە جەستەدا هەیە، لە مێشكدایە و بەهۆیەوە مێشك دەتوانێ ئەركی خۆی جێبەجێ بكات. ئەویش پێوەندە بە فێربوون و یادەوەری و تەواوی ئەركەكانی تری مێشك.

زیاتر روون كراوەتەوە، كۆلیسترۆڵ لە خوێنەوە بۆ مێشك ناچێت، بەڵكو مێشك خۆی كۆلیسترۆڵی تایبەت بەرهەم دێنێت، بۆیە كاتێك ئاستی كۆلیسترۆڵ لە مێشكدا دابەزێت، كاریگەریی لەسەر جێبەجێكردنی ئەركەكانی مێشك دەبێت، بۆ ئەوەیش كێشە بۆ بیر و یادەوەری دروست دەكات و شانەكانی ناو مێشك تێكدەچن.

دووپات لەوە كراوەتەوە كە زۆر پێویستە پارێزگاری لە ئاستی كۆلیسترۆڵ و هاوسەنگی لە مێشكدا بكرێت، ئەگەر نا بە دابەزینی لەو ئاستە، مرۆڤ تووشی نەخۆشییەكانی زەهایمەر و باركنسۆن دەبێت.

لە توێژینەوەیەكدا باس لەوە كراوە كە زۆر پێویستە هاوسەنگیی كۆلیسترۆڵ لە مێشكدا بپارێزرێت، لە دابەزین و بەرزبوونەوەی، بەهەمانشێوە كێشە بۆ مێشك دروست دەكەن، خۆ ئەگەر ئاستی كۆلیسترۆڵ لە مێشكدا بەرز ببێتەوە، مرۆڤ لە قۆناغەكانی تری ژیانیدا تووشی خەڵەفان دەبێت.

دواتریش دووپات كراوەتەوە كە بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، توێژەران بەوە گەیشتوون كە بەرزبوونەوەی كۆلیسترۆڵ، پارێزگاری لە تەندروستیی مێشكی بەساڵاچووان دەكات. بەڵام لە چەندان توێژینەوەی تردا بەپێچەوانەوە بەوە گەیشتوون، بەرزبوونەوەی كۆلیسترۆڵ بۆ بەساڵاچووان، تووشی زەهایمەر و خەڵەفانیان دەكات.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د