گێزەر تا چەند ئاستی بینین بەهێزتر دەكات و تەندروستیی چاوەكان باشتر دەكات؟

:: AM:09:25:10/09/2025 ‌
لە منداڵییەوە لە قوتابخانە و لە ماڵیشدا گوێبیستی ئەوە بووین كە گێزەر بۆ چاو زۆرباشە، هەندێك پێیان وایە ئەو بۆچوونە دروستە و هەندێك بە خورافاتی ناو دەبەن، بۆیە بەشی تەندروستیی پێگەیەك، بە وردی باس لە سوودەكانی گێزەر بۆ چاو و ئاستی بینین دەكات.

بەشی تەندروستیی پێگەی "شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە پێگەی "هێڵس سایت" وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، گێزەر یەك لەو خۆراكانەیە كە بۆ ئاستی بینین و چاوەكان زۆر بەسوودە، ئەویش بەو ڤیتامینانەی تێدا هەیە و بە خواردنی رۆژانەی ئەو میوەیە، پارێزگاری لە تەندروستیی چاوەكان دەكەن، هەر لە منداڵییەوە تا دەگاتە ئاستی پیربوون، مرۆڤ پێویستیی بە خواردنی ئەو میوەیە هەیە.

پسپۆرانی بواری خۆراك بۆ پێگەكە باس لەوە دەكەن، گێزەر سەرچاوەی جۆرێك لە دژەئۆكسیدە كە ئەویش "بیتاكارۆتین"ـە، ئەوەیە وا دەكات ڤیتامینی "ئەی" بگاتە جەستە، بێگومان ئەو ڤیتامینەیش گرەنتیی تەندروستیی چاو دەكات و لە نەخۆشییەكان دەیپارێزێت.

ئەوەشی دەڵێن، "شەوكوێری" كە نەخۆشییەكی چاوە، ئەویش چاو لە رۆژدا كێشەی لە بینین نییە و لە تاریكیدا ناتوانێ بەباشی ببینێت، بۆیە كەمیی ڤیتامینی "ئەی" هۆكارێكە بۆ شەوكوێری. هاوكات ئەو ڤیتامینە لە كارۆتین هەیە و ئەویش وا دەكات تۆڕەكانی چاو بەباشی كار بكەن، واتە هۆكاری سەرەكییە بۆ بینین لە تاریكیشدا. ئەو كارۆتینە لە كوولەكە و تەماتە و بیبەری شیرین و زۆربەی خۆراكە رووەكییەكاندا هەیە.

هەروەها لەبارەی ڤیتامینی "ئەی"ەوە دەڵێن، سوودی زۆری بۆ بەرهەمهێنانی فرمێسك لە جەستەدا هەیە، واتە وا دەكات چاوەكان لە وشكبوون بپارێزرێن، گێزەریش كە سەرچاوەی ڤیتامین "ئەی"یە، چاوەكان بە تەڕی دەهێڵێتەوە.

دواتریش دەڵێن وێڕای ئەوەی گێزەر خۆراكێكی زۆرباشە بۆ دڵ و چاو، بەڵام بۆ ئەوەیش نابێ زێدەڕۆیی لە خواردنی بكرێت و رەنگە كاردانەوەكەی پێچەوانە ببێتەوە، بۆیە كارێكی باشە ئەگەر رۆژانە یەك یان دوو گێزەری مامناوەند بخورێت، ئەوكات جەستە سوودی لێ دەبێنی هەر لە دڵەوە تا دەگاتە چاوەكان. دەتوانرێ گێزەر وەك خۆی بخورێ یان ئاوەكەی وەك شەربەت بخورێتەوە، هەمان سوود بە مرۆڤ دەگەیەنێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د