توێژینەوەیەك: ڤیاگرا رێژەی خیانەت و جیابوونەوەی هاوسەران بەرزتر دەكاتەوە

:: PM:02:56:10/09/2025 ‌
كاتێك چارەسەری لاوازیی سێكس زۆر و بەردەست دەبێت، مرۆڤ بەتایبەتی پیاوان، هەوڵی ئەوە دەدەن پارێزگاری لە توانا سێكسییەكانیان بۆ ماوەیەكی درێژتر بكەن. لەگەڵیدا توێژەران لە توێژینەوەیەكدا بەوە گەیشتوون، ئەو چارەسەرە بەتایبەتی لە رێگەی حەبی "ڤیاگرا"، لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە كاریگەریی لەسەر هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتی و سۆزداریی هاوسەران دەبێت و زۆرجاریش جیابوونەوەی هاوسەرانی بەدواوە دەبێت.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 10ی ئەیلوول، هەواڵەكەی لە رۆژنامەی "سەن"ی لەندەنی وەرگرتووە كە توێژەران قسەیان بۆ ئەو رۆژنامەیە كردووە و ئاماژە بەوە دەكەن، لە توێژینەوەكەیاندا بەوە گەیشتوون، بڵاوبوونەوەی فراوانی چارەسەری لاوازیی كردەی سێكسی بەتایبەتی لەلای پیاوان، زۆرجار كاریگەریی لەسەر هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتی و سۆزداری دەبێت، ئەوەیش وا دەكات رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە وڵاتە رۆژئاواییەكان بەرزتر ببێتەوە، ئەویش زیاتر پیاوە گەورەكان دەگرێتەوە.

توێژینەوەكە كە دكتۆر كاتارینا لۆتەر سەرۆكایەتیی كردووە و لە زانكۆی تیلبۆرگ لە هۆڵەندا ئەنجام دراوە، بۆ رۆژنامە لەندەنییەكە گوتوویەتی، بەكارهێنانی ئەو جۆرە چارەسەرە بۆ بەهێزكردنی توانای سێكس بەتایبەتی حەبی "ڤیاگرا"، وا دەكات چالاكیی پیاوان زۆر زیاتر بێت، بەجۆرێك بگاتە ئاستی ئەوەی لە دەرەوەی خێزان تووشی پێوەندییەكی زیاتر بێت، زۆرجاریش ئەنجامەكەی جیابوونەوەی هاوسەرانی بەدواوە دەبێت.

توێژەران پشتیان بە بەشداریی 575 كەسی جیابووەوە بەستووە كە تەمەنیان لە سەرووی 45 ساڵ بووە، دەركەوتووە 85%یان خێزاندار بوون و خاوەنی منداڵیشن، واتە زۆربەی هۆكاری جیابوونەوەیان "ڤیاگرا" و چارەسەری كردەی سێكسی بووە و بووەتە هۆی تێكچوونی پێوەندیی كۆمەڵایەتی.

دواتریش توێژەران دەڵێن: باشبوونی تەندروستیی گشتی و لەگەڵیدا بەردەستبوونی چارەسەری لاوازیی كردەی سێكس، وا دەكات چالاكیی سێكس بەتایبەتی لەلای پیاوان، بۆ ماوەیەكی درێژتر بەردەوامیی هەبێت، ئەوەیش بە رێژەیەك كاریگەریی هەیە لە خیانەتی هاوسەریی و دواتریش جیابوونەوەیان.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د