گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بۆ بابەتی جوانكاری و بڕینی گەدە لە وەزارەتەكەیاندا لیژنەیەك هەیە و هەموو كەسێك ناتوانێ بەمەبەستی جوانكاری گەدەی ببڕێت.
ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان خەڵك روو لە بڕینی گەدە دەكەن بە مەبەستی خۆلاوازكردنەوەیان، جیا لەوەیش چەندان جوانكاریی تر لە بابەتی دەرهێنانی چەوریی ورگ و سمت لەلایەن خانمانەوە خواستی زۆری لەسەرە، لە كاتێكدا لە ماوەی رابردوودا چەند كەیسێكی گیان لەدەست دان بەو هۆكارە لە سلێمانی تۆمار كراون.
ئەمڕۆ چوارشەم، 10ی ئەیلوولی 2025، سەركار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی گوت، ئەوەی پێوەندی بە بابەتی گەدەبڕین هەیە لیژنەیەك لە وەزارەتی تەندروستی پێكهێنراوە، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی ئەو نەخۆشانە بدەن كە پێویستیان بە گەدەبڕین هەیە.
زیاتر گوتی، لیژنەكە بەگوێرەی پێویستیی نەخۆش بڕیار دەدەن، بەڵام ئەوەی پێوەندیی بە جوانكاری و خۆلاوازكردن بێت، ئەوە رەت كراوەتەوە.
"وشە" پرسیاری دەرهێنانی چەوریی ورگی كرد كە لەناو خانمان بە "شەفت" ناسراوە، گوتەبێژەكەی تەندروستی گوتی، ئەوەیش ڕێنوێنی پێویستی هەیە لەلایەن وەزارەتەوە تەنانەت هەموو پزیشكێك ناتوانێ ئەو نەشتەرگەرییە بكات.