هەوڵی زانایان بۆ چارەسەركردنی كێشە تەندروستییەكان بەردەوامە، زانایانی هۆڵەندا جۆرە سپێرمێكی رۆبۆتی زۆر خێرایان پەرە پێ داوە كە بە تەنۆڵكەی موگناتیسی داپۆشراوە و دەتوانرێت چاودێری و ئاراستە بكرێت، لە داهێنانێك دەڵێن ئامانج لێی چارەسەركردنی نەزۆكی و باشتركردنی توانای وەچەخستنەوەی ژنە.
وەك رۆژنامەی
"ئیندیپێندنت"ی بەریتانی باسی كردووە، زانایان ئاماژە دەكەن كە ئەو دەسكەوتە زانستییە رێگە بە گەیاندنی راستەوخۆی دەرمان بۆ هەندێك ناوچەی كۆئەندامی زاوزێی ژن دەدات، كە بە زەحمەت دەتوانن بیگەیەنن، توێژەران دەڵێن، دەتوانن لەو رێگەیەوە چارەسەری كێشەكانی هۆكار بۆ نەزۆكی بكەن كە ملیۆنان ژن لە دنیا بە دەستییەوە دەناڵێنن، لەوانە شێرپەنجەی منداڵدان و ناوپۆشی جێگۆڕكێی منداڵدان و گرێی ریشاڵیی منداڵدان، هەروەها ئەو تەكنیكە بینینێكی قووڵتر بۆ لەش لە كاتی پیتاندن دەرەخسێنێت.
توێژەران گوتیان، بۆ نموونە دەكرێ لە رێگەی چاودێریی جووڵەی سپێرم لە ناو كۆئەندامی زاوزێی مێیینە تێگەیشتن بۆ میكانیزمی گواستنەوەی سپێرم و نەزۆكیی بێ پاساو دروست ببێت، رەنگە ئەوەش تەكنیكەكانی پیتێنی تاقیگەیی وەك پیتێنی دەستكرد باشتر بكات.
ئیسلام خەلیل توێژەر لە زانكۆی توێنتیی هۆڵەندی دەڵێت، بەر لەو داهێنانە وێنەگرتنی سپێرم لە ناو لەش بە بەكارهێنانی تیشكی سینی نیوچە ئەستەم بوو، بەڵام ئێستە توێكڵی موگناتیسییەكە وای لێ دەكات بە جوانی ببینرێت، هاوكات لە تاقیكردنەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە كە سپێرمە رۆبۆتییەكان بۆ خانەكانی منداڵدان تا دوای سێ رۆژیش ژەهراوی نەبوون.