بۆ ئەوانەی پەستانی خوێنیان بەرزە

:: PM:07:50:11/09/2025 ‌

ساڵانێكە پزیشكان رێنوێنیی دەكەن وەك ئامرازێكی سروشتی بۆ پاراستنی دڵ و كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن، پێویستە پەنا بۆ خواردنی میوە و سەوزە ببرێت، توێژینەوە نوێكان ئاماژە دەكەن كە چەوەندەر، كە جۆرە رەگێكی سەوزەیە، بۆ ئەوانەی بەرزیی پەستانی خوێنیان هەیە زۆر بەسوودە، ئەوەش بەهۆی ئەو نیتراتەی تیایدایە.

ملیۆنان كەس لە دنیا بە دەست بەرزیی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن، كە بە بكوژی بێدەنگ ناسراوە، سەرەتا نیشانەی روونی نییە، بەڵام پشتگوێخستنی ئەو كەسە بەرەو كێشەی دڵ و سەكتەی مێشك و كێشەی گورچیلە دەبات، لێرەدا جیا لە دەرمان و چارەسەری، چەند ئامرازێكی سروشتی رۆڵیان دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی وەك گۆڕینی شێوازی ژیان و سیستمی خۆراك.

چەوەندەر یان شەربەتی چەوەندەر یەكێكە لە خۆراكەكانی سوودی بۆ ئەو كەسانە هەیە كە بە دەست بەرزیی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن، ئەو نیتراتەی تیایەتی بۆ ئۆكسیدی نیتریك لە لەش دەگۆڕێت، كە گیراوەیەكە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی لوولەكانی خوێن و فرەوانبوونیان، ئەوەش دەبێتە هۆی باشتر گەیشتنی خوێن و سووككردنی گوشارەكان لەسەر دڵ و لووەكانی خوێن، تاقیكردنەوەكان دەریان خستووە كە خواردنەوەی یەك كووپی رۆژانەی شەربەتی چەوەندەر پلەی سەرەوەی پەستانی خوێن بە تێكڕای حەوت بۆ 12 ملیم جیوە كەم دەكاتەوە.

بەپێی توێژینەوەیەكی زانكۆی ئیكستری بەریتانیای، خواردنەوەی دووجار لە رۆژێكی شەربەتی چەوەندەر بۆ ماوەی دوو هەفتە، بووەتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن، بەتایبەتی لەوانەی بەتەمەنداچوونە، ئەوەش بەهۆی كاریگەریی شەربەتەكە لەسەر میكرۆبیۆمی دەم، واتە بەكتریای دەم، بووەتە هۆی بەهێزبوونی گەشەی بەكتریای سوودبەخش كە توانای گۆڕینی نیتراتیان بۆ ئۆكسیدی نیترات هەیە، لەگەل ئەوەش شارەزایان وریایی لە زۆر خواردنی چەوەندەر دەدەن، بەوەی زیادبوونی نیترات و ئۆكسالات لە لەش گورچیلە ماندوو دەكات و مەترسیی دروستبوونی بەردی گورچیلە زیاتر دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل