دەتەوێت لە جەڵتەی دڵ و مێشک بەدوور بیت؟ توێژینەوەیەک ڕێگەچارەیەکی "توون" پێشنیار دەکات

:: PM:02:19:12/09/2025 ‌
توێژینەوەیەکی پزیشکیی نوێ، ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر ئاشکرا دەکات و خواردنی بەردەوامی خواردنی توون بە دابەزینێکی بەرچاو لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوە دەبەستێتەوە.

توێژینەوە چینییەکە، کە لەسەر 54,859 بەشداربوو ئەنجامدراوە، دەریخستووە ئەو کەسانەی لە هەفتەیەکدا شەش بۆ حەوتجار خواردنی توون دەخۆن، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمتر تووشی نەخۆشییەکانی کەمیی خوێن بۆ دڵ و جەڵتەی مێشک دەبن، بە بەراورد بەو کەسانەی کە زۆر بەدەگمەن خواردنی توون دەخۆن.

توێژەران هەروەها تێبینیی دابەزینی مەترسیی جەڵتەی مێشکیان کردووە کە بەهۆی گیرانی بۆرییەکانی خوێنەوە ڕوودەدات و دەرکەوتووە هەرچەندە خواردنی توون زیاتر بێت، ئەگەری ئەم کێشانە کەمتر دەبێتەوە.

ئەنجامەکان ڕوونیان کردووەتەوە کە ماددە کاریگەرەکەی پشت ئەم سوودە تەندروستییە، ماددەی "کاپسایسین (Capsaicin)"ە، کە پێکهاتەی سەرەکیی چالاکە لە بیبەری تووندا.

ئەم مادەیە هانی بەرهەمهێنانی ئۆکسیدی نایتریک لە لوولەکانی خوێندا دەدات، کە یارمەتیی خاوبوونەوەیان و باشترکردنی سووڕی خوێن دەدات. هەروەها لە درێژخایەندا یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی فشاری خوێن.

بەپێی توێژینەوەکە، کاریگەرییە ئەرێنییەکان زیاتر لەو کەسانەدا دەرکەوتووە کە بە شێوەیەکی بەردەوام و بە بڕی مامناوەند خواردنی توون دەخۆن، و دەرکەوتووە کە دەست پێ کردنی خواردنی توون لە تەمەنێکی بچووکەوە سوودە تەندروستییەکانی زیاتر دەکات.

شایەنی باسە، ئەم ئەنجامانە لەگەڵ توێژینەوەکانی پێشووتری ئیتاڵیا و ئەورووپادا یەکدەگرنەوە، کە ئەمەش باوەڕپێکراویی پێوەندییەكە لە کولتوور و سیستەمی خۆراکیی جیاوازدا زیاتر دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەران هۆشداری دەدەن و دووپاتی دەکەنەوە کە "ئەم ئەنجامانە مانای زیادەڕۆیکردن نییە لە خواردنی تووندا"، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی کۆئەندامی هەرس، وەک برینی گەدە یان گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدەیان هەیە. دووپاتیش لەوە دەکەنەوە کە "پێویستە خواردنی توون لە چوارچێوەی سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگ و شێوازێکی ژیانی تەندروستدا بێت".


وشە - پۆڵا مەحموود