نیشانەكانی بوونی گرێی مێشك

:: PM:07:25:13/09/2025 ‌

ساڵانە لە ئەمەریكا 80 هەزار كەس بوونی گرێ لە مێشكیان دیاری دەكرێت، وەك هەموو گرێیەك ئاسایی و نائاسایی هەیە، واتە شێرپەنجەیی، لە ناو شانەكانی مێشك گەشە دەكات و پەستان دەخاتە سەر شانەكان و ناچە جیاجیاكانی مێشك و ئەوەش نیشانەی دەبێت، بۆیە جۆر و توندیی نیشانەكان دەوەستێتە سەر شوێنی گرێكە و قەبارەكەی و ئەو زیانەی دروست كردووە، لە نیشانەكانی:

*سەرئێشە، بڵاوترین نیشانەیە بەهۆی گوشاری گرێكە لەسەر لوولەكانی خوێن لە مێشك دروست دەبێت، لە سەرئێشەكانیتر جیاوازە و بەردەوامە، بەتایبەتی بەیانیان توندە و هەستكردن بە هێڵنج و رشانەوەی لەگەڵە و لەكاتی پژمین و كۆكە و وەرزشكردن زیاتر دەبێت. 

*لەهۆشخۆچوون، بەهۆی ئەو نۆرە كارەباییەی لە مێشك بەهۆی گرێكەوە دروست دەبێت، نۆرەكە دوو بۆ سێ خولەك بەردەوام دەبێت و رەنگە ببێتە هۆی وەستانی هەناسەدان و زەحمەتیی قسەكردن لەرزین و بینینی رووناكی بریسكاوە.

*هێڵنج و رشانەوە، كە لەگەڵ سەرئێشە دەبێت، ئەوەش بەهۆی زۆری پەستانی ناو سەر بەهۆی گرێكەوە. 

*كێشە لە جووڵانەوە، ئەوكاتەی گرێكە كار لە ناوچەی بەرپرس لە جووڵانەوە لە مێشك بكات، وەك تێكچوونی هاوسەنگی و لاوازی و لەرزین و سڕبوون و سەرسووڕان و زەحمەتی رۆیشتن. 

*لەدەستدانی یادەوەری، ئەوانەی گرێی سەریان هەیە دووچاری كێشە لە بیركردنەوە و بیرهاتنەوە و فێربوون و وەرگرتنی زانیاریی نوێ دەبنەوە، بەتایبەتی یادەوەری كورتمەودا، وەك ئەوەی خواردوویەتی و یادەوەری درێژمەوداش وەك ناوی كەسانی نزیكی.

*تێكچوونی میزاج و خەمۆكی، كە یەكێك لە چوار تووشبوو بە گرێی سەر تووشی خەمۆكیی توند دەبێت، هەروەها ماندووبوونی بەردەوام و كێشەی خەو.

*گۆڕانی كەسایەتی، جیا لە گۆڕانی میزاج، كەسایەتیشی دەگۆڕێت و هەڵسوكەوتی دەگۆڕێت، وەك توڕەیی و بێزاربوون.

*ماندووبوون و شەكەتی، لەوانە جەستەیی و سۆزداری و مێشك و دەروونی.

*گۆڕان لە بیستن و بینین، واتە دروستبوونی كێشە لە بیستن و بینین، وەك لێڵبینی و جووڵەی نائاسایی چاوەكان تا ئاستی لەدەستدانی هەستەكانی بینین و بیستن یان زرنگاندنەوەی گوێ.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل