ملیۆنان كەس لە دنیادا بۆ كەمكردنەوەی سەرئێشە یان تا و ئازاری پشت، حەبی پاراسیتامۆڵ بەكار دێنن و پێیان وایە بەسوودە و زیان بە تەندروستی ناگەیەنێت، بەڵام لە توێژینەوە نوێیەكاندا ئاشكرا كراوە، بەكارهێنانی بەردەوامی ئەو دەرمانە، نەك هەر سوودی نابێت، بەڵكو كێشەی تەندروستی دروست دەكات.
پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی لە رۆژنامەی "دەیڵی مێل"ی بەریتانی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، زۆرن ئەوانەی پێیان وایە بەكارهێنانی پاراسیتامۆڵ وەك ئازارشكێنێك سەلامەتە و سوودی زۆری بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانیان. بەڵام بەپێی ئەو توێژینەوە نوێیانەی بەمدواییە ئەنجام دراون، ئەگەر ئەو ئازارشكێنە بە بەردەوامی بەكار بهێنرێت، كێشەی رژدی تەندروستی دروست دەكات بەتایبەتی كاریگەریی زۆری هەیە بۆ تێكچوونی جگەر.
توێژینەوەكە دووپات دەكاتەوە كە رەنگە وەك سەرەتا پاراسیتامۆڵ بۆ ئازاری سەر و پشت سوود بگەیەنێت، بەڵام نابێ بۆ ئازار و نەخۆشییە درێژخایەنەكان بەكار بهێنرێت، چونكە زۆر بەكارهێنانی ئەو دەرمانە لەبری سوود، زیانەكانی زۆر زیاترن.
لەبارەی زیانەكانی ئاماژە بەوە دراوە، ئەگەر بەردەوام وەك ئازارشكێن بەكار بهێنرێت، ئەركی جگەر زۆر كەمتر دەكاتەوە و لە درێژمەودادا دەبێتە هۆی تێكچوونی. هەروەها لە درێژمەودادا دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی كێشەی دڵیان هەیە، زۆر مەترسیدار دەبێت.
لەبارەی زیانەكانی ئەوەش هاتووە كە ئەگەری زۆر هەیە نەخۆش تووشی خوێنبەربوونی گەدە یان گورچیلە بكات، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بەساڵاچوون، زۆر مەترسیدارە ئەگەر بە بەردەوامی ئەو ئازارشكێنە بەكار بێنن. هاوكات كاریگەریی زۆری بۆ سەر ژنانی دووگیان هەیە كە دەبێتە هۆی گەشەنەكردنی كۆرپەڵە.
دواتریش باس لەوە دەكرێت كە پاراسیتامۆڵ كاریگەرییەكەی زۆر دیاریكراوە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی نەشتەرگەریی ئەنجام دەدەن. هاوكات بۆ ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، پاراسیتامۆڵ ناتوانێ ئازارەكانیان كەمتر بكاتەوە و بەپێچەوانەوە زیانی زیاتر دەبێت.