وا خەریكە وەرزی ئەنفلەوەنزا نزیكتر دەبێتەوە كە لەو وەرزەدا خەڵكێكی زۆر تووشی دەبن، جا بۆ ئەوەی خۆتان لە ئەنفلەوەنزا بپارێزن و تووشی نەبن، یان بە سووكی تووشتان بێت، هەندێك خۆراك هەن بایەخیان پێ بدەن و بیانخۆن یان بیانخۆنەوە.
پێگەی "شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە پێگەی "ڤێری وێڵ هێڵس" وەرگرتووە كە پسپۆران بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، ئاماژەیان داوە كە وا خەریكە وەرزی ئەنفلەوەنزا نزیكتر دەبێتەوە و خەڵكێكی زۆر تووشی دەبن، جا بۆ ئەوەی تووشی نەبن یان بە سووكی بیگرن، پێشوەختە هەندێك خۆراك بكەنە ژەمەكانتان كە سوودی زۆریان بۆ ئەو پەتایە هەیە، نموونەیان سپێناخ و سیر.
پسپۆران بۆ دووركەوتنەوە لە ئەنفلەوەنزا، باس لە خواردنی سپێناخ دەكەن كە راستەوخۆ بخورێت یان ئاوەكەی بخورێتەوە، چونكە سوودی زۆری بۆ بەرگریی جەستە هەیە. بۆ ئەوەیش ئایلا بارمەر كە پسپۆری ئەو بوارەیە دەڵێت، سپێناخ بەوە دەناسرێتەوە دژە هەوكردن و دژە ئۆكسیدە. بۆیە بە خواردنی لە هەوكردن دوور دەكەویتەوە و یارمەتی ئەركی هەرس دەكات، دواتریش بەرگریی جەستە بەهێزتر دەكات.
لەبارەی خواردنی سپێناخ یان خواردنەوەی ئاوەكەی، كارێكی زۆرباشە كە لەو وەرزەدا بەلای كەمەوە رۆژانە كووپێك لە ئاوەكەی بخورێتەوە و لە پەتای ئەنفلەوەنزا دوورتان دەخاتەوە، یان زۆر بە سووكی تووشی دەبن.
هاوكات پسپۆرانی خۆراك باس لە سیریش دەكەن كە سوودی زۆری بۆ دوورخستنەوەی پەتای ئەنفلەوەنزا هەیە، بۆیە دەڵێن رۆژانە چەند دەنكە سیرێك بخۆن، سوودی زۆری بۆ سەرما هەیە و گوڕی زیاتر بە جەستە دەبەخشێت. سیر لە مادەی ئەلیسین پێكدێت كە دژە بەكتیریا و ڤایرۆسەكانە، ئەوانەی رۆژانە سیر دەخۆن، زۆر كەمتر تووشی پەتای ئەنفەلوەنزا دەبن. بەڵام پسپۆران ئامۆژكاری دەكەن كە لە خواردنی سیردا زێدەڕۆیی نەكەن، چونكە بە زۆر خواردنی كێشە بۆ گەدە دروست دەكات.