هه‌موو ساڵێك ملیاران خانه‌ی له‌شمان
ده‌تره‌كێن یان ده‌مرن، ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كی خۆڕسكی له‌شمانه كه به‌رده‌وامیی به هه‌ڵقوڵانی خوێن له دڵه‌وه ده‌كات و پاڵ به خۆراك ده‌نێت به ناو هه‌ناومان. جاروبار ئه‌م رێوشوێنه تێكده‌چێت، خانه‌كان له زۆربوون و له‌ناوچوون ده‌وه‌ستن، سه‌رئه‌نجام ئه‌م ناڕێكییه سه‌ر ده‌كێشێت بۆ شێرپه‌نجه.
دكتۆر و زاناكانی دنیا، له‌مێژه خه‌ریكن بزانن شێرپه‌نجه چییه و چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
ئه‌م حه‌وت پرسیاره‌ی خواره‌وه دیارترین پرسیارن له‌باره‌ی شێرپه‌نجه كه زاناكان ورده ورده وه‌ڵامی گرده‌بڕیان له‌باره‌یان ده‌ست كه‌وتووه:
١. بۆ هه‌ندێك بازدانی بۆماوه‌یی ده‌بنه هۆی شێرپه‌نجه و هه‌ندێكی تر نابن؟
پێشتر زاناكان وایانده‌زانی بازدانی بۆماوه‌یی، واته گۆڕانكاریی له زنجیره‌ی DNA، هۆكاری هه‌موو جۆره شێرپه‌نجه‌یه‌كه.
له‌و رووه‌وه ته‌واو نه‌یانپێكا. دۆگلاس هانهان زانایه‌كی ناوداره له په‌یمانگه‌ی توێژینه‌وه‌ی شێرپه‌نجه له ئوسترالیا، ئه‌و ده‌ڵێت كه "بازدان زۆر گرنگه، به‌ڵام ناكرێت بڵێین هۆكاری سه‌ره‌كیی هه‌ڵتۆقینی گرێی شێرپه‌نجه‌ییه."
ئێسته روون بووه‌ته‌وه كه هه‌ندێك گۆڕانكاری له جینه‌كانمان روو ده‌ده‌ن بێ ئه‌وه‌ی زنجیره‌ی DNA تێكبده‌ن، ئه‌مه‌ش رۆڵێكی گه‌وره له سه‌رهه‌ڵدانی شێرپه‌نجه ده‌گێڕێت.
زاناكان هێشتا روون نه‌بووه‌ته‌وه چ شتێك ده‌بێته هۆی ئه‌م چه‌شنه گۆڕانكارییه، به‌ڵام ده‌كرێت بابه‌تی وه‌ك ته‌مه‌ن و خۆراك و ژینگه و هه‌وكردنی درێژخایه‌ن رۆڵی جودا بگێڕن.
٢. پیسبوونی ژینگه ده‌بێته هۆی شێرپه‌نجه؟ چی له‌باره‌ی پلاستیك؟
زاناكان بڕوایان وابووه كه هه‌ندێك ماده‌ی كیمیایی وه‌ك ئه‌بێستۆس و رادۆن، یان ئه‌و پێكهاتانه‌ی له جگه‌ره و خواردنه‌وه كحوولییه‌كان هه‌ن، ده‌بنه هۆی شێرپه‌نجه. به‌ڵام دواتر بازنه‌كه فراوان بوو، ده‌ركه‌وت پیسبوونی هه‌وا و پلاستیكیش كۆمه‌كی به دروستبوونی خانه‌ی شێرپه‌نجه‌یی ده‌كه‌ن. تا ئێسته كۆده‌نگییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه هه‌یه.
به‌ڵام پیسبوونی هه‌وا له هه‌موو هۆكاره‌كانی تر زه‌قتره. هه‌وای پیس ده‌بێته هۆی شێرپه‌نجه‌ی سییه‌كان و شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك.
بڕ و ماوه‌ی به‌ركه‌وتن به هه‌وای پیس ده‌وری خۆیان ده‌بینن. توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه كه پێست ره‌شه‌كان زیاتر به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌وای پیس هه‌یه، به به‌راورد به ره‌گه‌زی تر زیاتر تووشی شێرپه‌نجه‌ی سییه‌كان ده‌بن و به‌هۆیه‌وه ده‌مرن.
٣. هه‌وكردن چ پێوه‌ندییه‌كی به‌م پرسه هه‌یه؟
زاناكان چه‌ندان ساڵ خه‌ریكی ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و ماده كیمیاییانه‌ی ناو خواردن و ده‌وروبه‌رمان بوونه كه بوونه‌ته هۆی بازدانی بۆماوه‌یی. به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌م مادانه راسته‌وخۆ نابنه هۆی شێرپه‌نجه، به‌ڵكو له رێگه‌ی دروستكردنی هه‌وكردنی درێژخانه‌وه ده‌یكه‌ن. ئه‌م جۆره هه‌وكردنه‌ش ده‌بێته هۆی شێرپه‌نجه‌ی كۆلۆن یان په‌نكریاس.
ته‌نانه‌ت هه‌وكردن ده‌بێته هۆی زۆربوونی خانه شێرپه‌نجه‌ییه‌كانیش.
٤. چی وا له گرێیه شێرپه‌نجییه‌كان ده‌كات گه‌شه بكه‌ن و هیچ شتێك به‌ریان پێ نه‌گرێت؟
شێرپه‌نجه ته‌نیا گه‌شه‌كردنێكی ناڕێكی خانه‌كان نییه. گرێیه‌كان شانه‌ی ئاڵۆزن كه خانه‌ی شێرپه‌نجه و هه‌روه‌ها خانه‌ی ئاسایی له‌خۆ ده‌گرن، ئه‌میان كۆمه‌كیی گه‌شه‌كردنی ئه‌ویان ده‌كات.
زۆر له‌و خانه ئاساییانه هه‌مان خانه‌ی به‌رگرین كه له كاتی برین یان هه‌وكردن، به‌ره‌و شوێنی مه‌به‌ست جۆگه ده‌به‌ستن و هاوكاریی چاكبوونه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی كۆمه‌كیكردن به زۆربوونی خانه‌كان و دروستكردنی مولووله‌ی خوێن و دروستكردنه‌وه‌ی شانه له‌ناوچووه‌كان و پارێزگاریكردن له به‌شه‌كانی تری سیستمی به‌رگری.
دكتۆر هانهان له‌مباره‌یه‌وه گوتی، "گرێیه‌كان ئه‌و برینانه‌ن كه هه‌رگیز ساڕ‌ێژ نابن." ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه خانه به‌رگرییه‌كان ناوه‌ڕۆكی خۆیان بۆ گرێیه شێرپه‌نجه‌ییه‌كان بگوازنه‌وه، سه‌رئه‌نجام له‌ناوبردنی ئه‌و گرێیانه زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت.
٥. ئێمه ده‌توانین ده‌سه‌ڵاتمان به‌سه‌ر چییه‌وه هه‌بێت؟
ده‌وروبه‌ری 40%ی حاڵه‌ته‌كانی شێرپه‌نجه، به هه‌مانشێوه ئه‌و مردنانه‌ی به‌هۆیه‌وه دروست ده‌بن، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و هۆكارانه‌ی كه مرۆڤ ده‌توانێت كۆنترۆڵیان بكات. جگه‌ره‌كێشان یه‌ك له‌و نموونانه‌یه، به‌ركه‌وتنی تیشكی خۆر و خواردنه‌وه كحوولییه‌كان و قه‌ڵه‌ویش نموونه‌ی ترن.
هه‌ندێك هه‌وكردنی پێوه‌ندیدار به هه‌وكردنی جگه‌ری جۆری B و C و هه‌روه‌ها به‌كتریای پالۆریش، هه‌ندێك جۆری شێرپه‌نجه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
٦. رێگه‌ی دروست بۆ چاره‌سه‌ركردنی چییه؟
چاره‌سه‌ری كیمیایی كه به یه‌كسانی خانه شێرپه‌نجه‌یی و ئاساییه‌كان ده‌كوژێت، یه‌كێكه له چاره‌سه‌ره دیاره‌كان. هاوكات چاره‌سه‌ری وردیش بۆ هه‌ندێك جۆری شێرپه‌نجه‌ی دیاریكراو هه‌یه.
ئه‌مڕۆ پزیشكه‌كان چاره‌سه‌ری تریان هه‌یه، چونكه باشتر له رۆڵی سیستمی به‌رگری له شێرپه‌نجه گه‌یشتوون.
له‌مباره‌یه‌وه دكتۆر راتمێل ده‌ڵێت، "چۆن سیستمی به‌رگری كار ده‌كات، چی وا ده‌كات ئه‌و خانانه جیاواز بن، چی چالاكیان ده‌كات و چی خاویان ده‌كاته‌وه، كه‌ی خول ده‌خۆن و كه‌ی له په‌لوپۆ ده‌كه‌ون – پێشتر ده‌بوو ئه‌و شتانه‌ت هه‌موو بزانیایه به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به چاره‌سه‌ر بكه‌یت."
به‌ڵام ئێسته پزیشكه‌كان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ده‌زانن، بۆیه ئه‌مڕۆ له رێی چاره‌سه‌ری سیستمی به‌رگرییه‌وه بۆ ئه‌و پرسه ده‌ڕۆن. به‌تایبه‌تی بۆ شێرپه‌نجه‌ی خوێن و سییه‌كان و پێست، پزیشكه‌كان هه‌نووكه ده‌توانن خانه‌كانی T كه خانه شێرپه‌نجییه‌كان له‌ناو ده‌به‌ن، بچێنن یان ده‌ربێنن، ئه‌مه‌ش وایكردووه ئاسانتر چاره‌سه‌ری نه‌خۆشه‌كان بكه‌ن.
٧. ئایا شێرپه‌نجه چاره‌سه‌ری هه‌یه؟
پزیشكه‌كان هه‌میشه له پێدانی به‌ڵێن بۆ چاره‌سه‌ری یه‌كجاریی شێرپه‌نجه دوودڵن. دكتۆر مارسێل ڤان دێن برینك سه‌رۆكی ناوه‌ندی پزیشكیی هیوا ده‌ڵێت، هه‌رگیز نه‌مانوێراوه وشه‌ی "چاره‌سه‌ر" به‌كار بهێنین.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ شوێنه‌وارێكی نه‌خۆشییه‌كه‌ش نه‌مابێت، ده‌كرێت خانه شێرپه‌نجه‌ییه‌كان دروست ببنه‌وه. لێره پزیشك چه‌ندی چاودێریی نه‌خۆش بكات هیچ ده‌ورێك نابینێت.
به‌ڵام هێشتا ئومێد هه‌یه. له ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوودا مردن به‌هۆی شێرپه‌نجه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه. ئێسته ده‌رمانی ته‌واو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و جینانه به‌رده‌سته كه شێرپه‌نجه‌یان لێ دروست ده‌بێت.
دكتۆر سۆهال له‌مباره‌یه‌وه گوتی، پێشتر شێرپه‌نجه حوكمی مه‌رگ بوو، به‌ڵام ئێسته وه‌ك نه‌خۆشیی شه‌كره‌ی لێ هاتووه، بۆیه خه‌ڵكێكی زۆر هه‌یه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كه ده‌ژین.