بیركردنەوەی زیاد لە پێویست كارەساتێكە و زۆر كەس بەدەستییەوە دەناڵێنن، توانا و هێزی مرۆڤ دەبات و لەناو نیگەرانی و راراییدا شەكەتی دەكات، لەوەش خراپتر هیچ سنوور و ئەنجامێكی نییە و وەك تۆپەڵی بەفر زیاتر و زیاتر دەبێت، وەك دەڵێن چوونە ناو بازنەیەكی بەتاڵە لە بیركردنەوەی دووبارەبووەوە و بێ كۆتا و چارەسەری، خەو دەشێوێنێت و بڕیاردان زەحمەتتر دەكات.
ماڵپەڕی
"سایكۆلۆجی تودەی"، باسی زاڵبوون بەسەر بابەتەكە دەكات و شارەزایانی دەروونی دەڵێن، چەند رێگەیەكی كردەنی و زانستی هەن ئەو گێژەڵووكەی بیركردنەوە بە خێرایی دەوەستێنن، لەوانە دیاریكردنی دەست پێكردنی بیركردنەوەی زیاد، واتە چاودێریكردنی مێشك و بیركردنەوەت كە دەگاتە ئاستی زۆر بیركردنەوەی بێ ئەنجام و دووبارەبووەوە، لەوێ هێواشی بكەوە و بیوەستێنە و بیركردنەوەكە بگۆڕە.
نووسینەوەی بیرۆكە و بیركردنەوەكانت لەسەر كاغەز و هەڵسەنگاندنیان، بەوە گوشاری لەناو مێشك و كاریگەریی كەم دەبێتەوە، زۆر جار بیركردنەوەی زیاد لەوەوە دروست دەبێت كە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی هەندێك شت دەدەیت لە دەرەوەی توانای خۆتە، بۆیە ئەوە دیاری بكە كە دەتوانی ئەنجامی بدەیت و ئەوەشی لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆتە، وەك بۆچوونی خەڵك و رووداوەكانی رابردوو، تەنیا بیركردنەوەت لەوانە بێت كە دەتوانی بیانكەیت.
كاتی بڕیاردان دیاری بكە، بۆ رزگاربوون لە شەكەتیی مێشك بەهۆی بیركردنەوە لە بابەتێك كە دەبێت بڕیاری لەسەر بدەیت و سەرقاڵی كردووی، كاتێك بۆ بیركردنەوە و بڕیاردان دیاری بكە، بۆ نموونە 15 خولەك و دوای ئەوە بچۆ بۆ سەر بابەتێكی تر، خۆت بە ئێستە ببەستەوە و نە خەمی رابردوو بخۆ و نە لە داهاتووش نیگەران ببە، بیركردنەوەت بۆ كردار بگۆڕە، لە بری نقوومبوون لەناو بیركردنەوە، پرسیار لە خۆت بكە دەتوانم ئێستە چی بكەم؟، لە كۆتاییش وازهێنان لە بیركردنەوەی زیاد لە پێویست مانای وازهێنان نییە لە بیركردنەوە، بەڵكو كۆنترۆڵكردنی ئاراستەكردنیەتی لە بری ئەو ئاراستەی تۆ بكات.