ئەو چوار نیشانە پشتگوێ مەخە مەترسیدارن

:: PM:06:13:16/09/2025 ‌

پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ وریایی بە خەڵك دەدات لە پشتگوێخستنی چەند نیشانەیەك كە دڵ رەوانەیان دەكات، لە حاڵەتی فەرامۆشكردنیان كێشەی گەورەی تەندروستیان بەدوادا دێت تا ئاستی مردن، د. ئۆلیفی گۆتمەن راوێژكاری نەخۆشییەكانی دڵ لە نەخۆشخانەی ویلینگتن لە لەندەن باسی چوار ئاماژە دەكات كە نابێت فەرامۆ بكرێن ئەوانیش

*ئازار و نارەحەتیی سنگ، بڵاوترین نیشانەی بوونی كێشەی دڵە رەنگە سووك و پچڕ پچڕ بێت، وەك قورسبوون و گوشار لە سینگ دەردەكەوێت، هەندێك جاریش وەك بەدهەرسی و ئازارەكە بەرەو قۆڵ و شان و مل و شەویلاك و پشت دەچێت، ئەوانە نیشانەی سینگەكوژێن، كە بەهۆی نەگەیشتنی خوێنی پێویست بۆ دڵ دروست دەبێت و ئەگەر چارەسەر نەكرێت بۆ دڵەنۆرە پەرە دەستێنێت.

*هەناسەتەنگی، دروستبوونی ئەو حاڵەتە لە كاتی ئاسایی واتە دڵ گوشاری لەسەرە بۆ پاڵنانی خوێنی پێویست بۆ ئەندامەكانی لەش، لە نیشانەی تری وەرگرتنی هەناسەیەكی قووڵە لە كاتی دانیشتن یان پێویست بە سەرینی زیاترە لە كاتی نوستن و هەستانی كتوپڕ لە خەو بەهۆی كێشەی هەناسەوە، رەنگە هۆكارەكە كۆبوونەوەی شلە بێت لە سییەكان، ئەوەش زۆر جار بەهۆی تووشبوون بە پەككەوتنی دڵ سەر هەڵدەدات.  

*شەكەتیی بەردەوام و داهێزران، ماندووبوون و شەكەتی بەهۆی كێشەی دڵ جیاوازە، بە حەسانەوە كۆتایی نایەت و توند و بەردەوامە، چونكە دڵ ناتوانێت بڕی پێویستی خوێنی پاك بۆ ئەندام و ماسولكەكان پاڵ بدات.

*تێكچوون و شێوانی لێدانی دڵ، واتە هەستكردن بە لەرزین لە ناوچەی سینگ و دڵەكوتێی كتوپڕ و خێرابوونی لێدانی دڵ لە كاتی حەسانەوەدا، لە نیشانەكانی، هەستكردن بە لەرزینی لە ناوچەی سینگ لە كاتی دانیشتن و خێرابوونی لێدانی دڵ و هەستكردن بە سەرسووڕان و سەرگێژخواردن، رەنگە ئەوەش بەهۆی لەرزینی گوێچكۆڵەی دڵەوە بێت، كە مەترسیی تووشبوون بە سەكتەی مێشك و پەككەوتنی دڵ زیاتر دەكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل