مۆبایل شوێنی زۆر پێویستی و شتی بۆ مرۆڤ گرتووەتەوە، تەنانەت شوێنی كەسەكانیش و وای لێ هاتووە بووەتە نزیكترین هاوڕێی هەندێك كەس و بە بەردەوام دەست و چاویان لەسەر شاشەی مۆبایلەكانیانە، توێژینەوەیەكی نوێ وریایی لە كاریگەریی بەكارهێنانی مۆبایل لە دەبڵیو سی دەدات، بەوەی مەترسیی تووشبوون بە مایسیری زیاتر دەكات.
بەپێی
توێژینەوەكە مۆبایلە زیرەكەكان كاتێكی زۆر لە مرۆڤ دەبەن و سەرقاڵی دەكەن و ئەوەش وا دەكات بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لەسەر كورسیی دەبڵیو سی دابنیشێت، بۆیە ئەوان بە رێژەی 46% مەترسیی تووشبوونیان بە مایسیری زیاتر دەبێت، كە رەنگە بەهۆی زۆر پەستانكردن سەر هەڵبدات.
تریشا ساتیا باسریشا سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە و پسپۆڕی كۆئەندامی هەرس لە ناوەندی پزیشكی لە بۆستن دەڵێت، مۆبایلی زیرەك و شێوازی هاوچەرخی ژیان بە چەندان شێوە كار لە تەندروستیی مرۆڤ دەكەن، بۆ نموونە چۆنیەتی و شوێنی بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەك لەوانە لە كاتی بوون لە دەبڵیو سی زیانی هەیە.
باسریشا و تیمەكەی لە ئەمەریكا راپرسییەكیان لەناو 125 بەشداربوو كرد، ئەوان ناوبینی قۆڵۆنیان بۆ كرا و زیاتر لە 40%یان مایسیریان هەبوو، 93%یان باسی ئەوەیان كرد كە هەفتانە بۆ یەكجار مۆبایل لە دەبڵیو سی بەكار دێنن، هەندێك لە بەشدارانیش گوتیان كە لە هەر چوونێك بۆ دەبڵیو سی زیاتر لە شەش خولەك دەمێننەوە و زۆرێكیشیان پێیان وابوو بەهۆی مۆبایلەوە ماوەیەكی زیاتر لە دەبڵیو سی دەمێننەوە.
ئەلیكس بیتی ئەندامێكی تیمی توێژینەوەكە دەڵێت، ئەوەی زانراوە بەكارهێنانی شاشەی مۆبایل بە شەوان كێشە و شێوانی نوستن دروست دەكات و بەكارهێنانی مۆبایلیش لەسەر خوانی شەوانە، پێوەندیی خێزانی تێك دەدات، پێ دەچێت بەكارهێنانی مۆبایل لە دەبڵیو سیش هەر ناتەندروست بێت.