زانست هۆشداریتان دەداتێ لە كاتی خەوتندا ئاو لە تەنیشتی خۆتان دامەنێن

:: AM:09:51:18/09/2025 ‌
هەندێك خووی مرۆڤ هەن كە بە پێویست یان ئاسایی وەردەگیرێن، لە كاتێكدا ئەگەر هەیە ئەنجامی بۆ تەندروستی باش نەبێت، بۆ نموونە زۆرن ئەوانەی بەر لە خەوتن، پەرداخێك ئاو لە تەنیشتنی خۆیان دادەنێن نەك لە نیوەشەودا تینوو ببن تا بیخۆنەوە. زانست لەوبارەیەوە هۆشداریی دەدات كە ئەو خووە زیانی زیاترە وەك لە سوودەكانی.

بەشی تەندروستیی پێگەی "عەرەبیە" هەواڵێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە، پزیشكان ئاماژە بەوە دەدەن كە دانانی ئاو لە تەنیشتی جێگەی خەوتن، بۆ ئەوەی لە نیوەشەودا تینووتان بێ یان بۆ بەكارهێنانی بۆ دەرمان، ئەو خووە لەبری ئەوەی سوودبەخش بێت، ئەگەری زۆرە بە زیان بۆ تەندروستیتان بگەڕێتەوە، بۆیە گرنگە لەو خووە دوور بكەونەوە.

لەبارەی زیانەكانی ئەو خووە، پزیشكان زیاتر دەڵێن، ئەو پەرداخە ئاوە تا چەند سەعاتێك بە كراوەیی دەمێنێتەوە، ئەگەری زۆرە تۆز هەڵبگرێت یان هەر بەكتیریا و ڤایرۆسێك تێكەڵی ئاوەكە ببێت، بە خواردنەوەی ئاوەكە، زیان بە جەستە دەگەیەنێت.

دووپات دەكەنەوە كە خواردنەوەی ئەو ئاوە، ئەگەری زۆرە تووشی نەخۆشییەكانی ناودەم و ددانەكانتان بكات و دواتریش كاریگەریی لەسەر جەستە بەگشتی و بەتایبەتی ئەركی هەرس دەبێت. ئەوەش دەڵێن كە ئەو تیشكەی بەر ئاوەكە دەكەوێت یان هەر گەرماییەك، وا دەكات ئاوەكە لە سروشتیی خۆی بگۆڕێت كە ئەگەری زۆرە مادەی پیسی هەڵبگرێت.

دواتریش پزیشكان رێنوێنیمان دەكەن و دەڵێن، ئەگەر دەتانەوێ ئاو لە تەنیشتنی جێگەی خەوتان بێت بۆ حاڵەتی پێویست، زۆر گرنگە ئەو ئاوە داپۆشراو بێت و تیشكی گڵۆپیشی بەرنەكەوێت، ئەویش لە پێناو تەندروستییەكی باشتر.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د