بۆ كردنەوەی خوێنبەرە گیراوەكان ئەو جۆرە میوانە بخۆ

:: PM:08:18:18/09/2025 ‌

یەكێك لە كێشەكانی دڵ كە بڵاوە و كەسانێكی زۆر بە دەستییەوە دەناڵێنن، گیرانی خوێنبەرەكانە، كە خوێن بۆ ماسولكەی دڵ و ئەندامانی لەش دەبەن، ماڵپەڕێك باسی چەند جۆرە میوەیەك دەكات كە ئەگەر بیخۆیت، یارمەتیی كرانەوەی خوێنبەرە گیراوەكان و كەمكردنەوەی رێژەی كۆلیسترۆڵ دەدات، بە شێوەیەكی سروشتی تەندروستیی دڵ باشتر دەبێت. 

ماڵپەڕی "هێڵس سایت"ی تەندروستی ئاماژە دەكات كە تا ئێستە كێشەكانی دڵ هۆكاری سەرەكی مردنن لە دنیا و یەكێك لە كێشەكانیش گیرانی خوێنبەرەكانە بەهۆی بەرزیی كۆلیسترۆڵ و نیشتنی چەوریی لە ناو لوولەكانی خوێن و تەسكبوونەوە و گیرانیان و رێگرتن لە رۆیشتنی خوێن بە ناویاندا، بەوەش ئەو كەسە تووشی مەترسیی دڵە نۆرە و سەكتەی مێشك و كێشەی تری دڵ دەبێتەوە.

شارەزایانی بواری خۆراك باسی چەند رێگەیەكی سروشتی دەكەن بۆ دوورخستنەوەی بەشێك لەو كێشانە بە رێگەی سروشتی لەوانە ئەو خۆراكانەی رۆژانە دەیانخۆین، لەوانەش میوە و سەوزە، بەتایبەتی رەنگ سوورەكان، چونكە ئەوان بەو جۆرە دژەئۆكسێنەر و ڤیتامین و كانزایانە دەوڵەمەندن كە تەندروستیی دڵ و بەجێگەیاندنی فەرمانەكانی بەهێز دەكەن و داخرانی خوێنبەرەكان كەم دەكەنەوە.

لەو جۆرە میوانەی كە بۆ تەندروستیی دڵ و خوێنبەرەكان باشن، تەماتە كە بڕێكی زۆر لیكۆبینی تیادایە، كە دژەئۆكسێنەرێكە و رێژەی بەرزیی كۆلیسترۆڵ كەم دەكاتەوە و رێگری لە كەڵەكەبوونی خەپڵەكانی خوێن و دروستبوونی هەوكردن لە لەش دەكات و خانەكان لە لەناوچوون دەپارێزێت، فەراولە كە بە ڤیتامین سی و فلافۆنیدات دەوڵەمەندە و یارمەتی دابەزینی پەستانی بەرزی خوێن دەدات و رێگری لە جەڵتەی خوێن دەكات.

سێوی سوور بەهۆی دەوڵەمەندی بە ریشاڵ ئاستی كۆلیسترۆل كەم دەكاتەوە و بە پۆلفینۆلات دەوڵەمەندە كە هەوكردن كەم دەكاتەوە و مرۆڤ لە رەقبوونی خوێنبەرەكان دەپارێزێت، ترێی سوور، رێگری لە مەیینی خوێن دەكات و پەستانی بەرزی خوێن كەم دەكاتەوە و لەناوچوونی دیواری خوێنبەرەكان كەم دەكاتەوە و رێگری لە گیرانیان دەكات، شووتی كە سیترۆلینی تیادایە یارمەتی كشانی لوولەكانی خوێن و گەیشتنی باشتری خوێن بۆ ئەندامەكانی لەش دەدات و كۆلیسترۆل كەم دەكاتەوە و مرۆڤ لە نۆرەی دڵ دەپارێزێت.

بیبەری سووری شیرین، ڤیتامینەكانی ئەی و سی و ئێكی تیادایە، جیا لە پۆتاسیۆم و ریشاڵەكان، یارمەتی دابەزینی رێژەی كۆلیسترۆل دەدات پەستانی خوێن رێك دەخات و سووڕی خوێن باشتر دەكات، رێگری لە كەڵەكەبوونی چەوری و خەپڵەكانی خوێن لە دیواری ناوەوەی خوێنبەرەكان دەكات.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل