دووشەمی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رێنوێنیی دا بە پێنەدانی پاراسیتامۆل بە ژنانی دووگیان، چونكە مەترسیی تووشبوونی منداڵەكانیان بە ئۆتیزم زیاد دەكات، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دووپاتی لەوە كردەوە كە هیچ پێوەندییەكی دووپاتكراوە لە نێوان پاراسیتامۆل یان ڤاكسین و ئۆتیزم نییە.
ترەمپ بە توندی رێنوێنیی دا بەوەی پاراسیتامۆل بە ژنی دووگیان نەدرێت، چونكە مەترسیی تووشبوونی منداڵەكانیان بە ئۆتیزم زیاد دەكات، جیا لەوە گومانی خستە سەر كاریگەریی ڤاكسینەكان، تاریق گاساریفیچ گوتەبێژ بە ناوی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەبارەی قسەكانی ترەمپ گوتی، هەندێك لە توێژینەوەكان لەسەر بنەمای تێبینیكردن ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە رەنگە پێوەندییەك لە نێوان وەرگرتنی پاراسیتامۆل و ئۆتیزم بەر لە لەدایكبوونی كۆرپەلە هەبێت، بەڵام تا ئێستە بەڵگەكان یەكلانەكراوەن.
زیاتر گوتی، چەندان توێژینەوە هەن كە بوونی ئەو جۆرە پێوەندیەیان نەسەلماندووە، بۆیە پێویستە وریا بین بەرو لەوەی رای بگەیەنین كە پێوەندییەك لەبەر هۆكاری دیاریكراو لە نێوان پاراسیتامۆل و ئۆتیزم هەیە، سەبارەت بە ڤاكسینەكان كە ترەمپ داوای گۆڕینی خشتەی پێدانی بە منداڵان كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەو كەسانەی ڤاكسینیان پێ نەدراوە یان پاراستامۆلیان نەخواردووە تووشی ئۆتیزم نابن، گاساریفیچ روونی كردەوە، ڤاكسین گیانی خەڵك رزگار دەكات و تووشی ئۆتیزمیان ناكات، ئەوە زانست سەلماندوویەتی و نابێت گومانی لەسەر بێت.