ئەمڕۆ چوارشەم میدیاكانی رووسیا بڵاویان كردەوە كە زانایانی ئەو وڵاتە ئامادەن بۆ دەست پێكردنی چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە بە ڤاكسینی " mRNA"ی رووسی دژ بە نەخۆشییەكە و سەرەتا لەسەر نەخۆشانی شێرپەنجەی پێست تاقی دەكرێتەوە.
ئەلكسەندەر گینزبۆرگ بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی گامالیا بۆ پەتا و وردەزیندەوەرەكان رای گەیاند كە لە ماوەی شەش هەفتە داهاتوو زانایانی رووسیا ئامادە دەبن بۆ دەست پێكردنی بەكارهێنانی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە بە ڤاكسینە رووسییەكە، وەك ئاژانسی "نۆڤۆستی"ی رووسیا بڵاوی كردەوە.
ئەلكسەندەر لە سیمینارێك بە ناونیشانی "مێژووی پێشەنگیی رووسیا لە زانست و تەكنۆلۆجیای پزیشكی"، رای گەیاند كە تیمی توێژینەوەكە بە كردەنی ژمارەیەك نەخۆشی هەڵبژاردووە و زانیاریی بۆماوەیی ئەوانی دیاری كردووە، ئێستە ئەوان ئامادەن بۆ دەست پێكردنی وەرگرتنی چارەسەرییەكە لە ماوەی چەند هەفتەیەك بە هەوڵێكی هاوبەش.
روونی كردەوە، سەرەتا چارەسەرییەكە لەسەر نەخۆشانی شێرپەنجەی پێست "میلانۆما" تاقی دەكرێتەوە، لە رێگەی بەكارهێنانی ڤاكسینێكی پەرەپێدراو، كە ڤاكسینێكی تاكەكەسییە، واتە بۆ هەر نەخۆشێك بە جیا بەرهەم دەهێنرێت، ژیریی دەستكردیش رۆڵی سەرەكی لەو پرۆسەیە دەبینێت، ئەو وردەكاری و سروشتی گرێكە شی دەكاتەوە و نەخشەی دەرمانی داهاتووی دیاری دەكات، دوای ئەوەش پسپۆڕان ڤاكسینەكە لە ماوەی تەنیا هەفتەیەك ئامادە دەكەن.