ئاوی قامیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لەلای میسرییەكان، زۆر بایەخ بە خواردنەوەی دەدرێت كە خواردنەوەیەكی شیرینی سروشتییە، بەڵام پسپۆرانی بواری خۆراك ئاماژە بەوە دەدەن كە لەگەڵ دەرهێنانی ئاوی قامیش، دەبێ راستەوخۆ بخورێتەوە، چونكە دواخستنی ژەهراویی دەكات و زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت.
بەشی تەندروستیی پێگەی ئەلیكترۆنیی "ئەهرام"ی میسری، ئەو بابەتەی ورووژاندووە كە ئاوی قامیش وێڕای ئەوەی بۆ تەندروستیی مرۆڤ زۆر بەسوودە، هاوكات ئەگەر بە هەڵە بخورێتەوە، زیانی زیاتر دەبێت. چونكە وەك پسپۆرانی بواری خۆراك ئاماژەی پێ دەدەن، پێویستە كاتێك ئاوی قامیش دەردەهێنرێت، راستەوخۆ بخورێتەوە، نابێ خواردنەوەی دوا بخرێت، ئەگەر نا مانەوەی بە دانەپۆشراوی، لە ماوەی پێنج خولەكدا ئەگەری زۆرە ژەهراوی بێت و ئەوكات لەبری سوودگەیاندن، زیانەكانی زیاتر دەبێت.
لەبارەی سوودەكانی ئاوی قامیش باس لەوە دەكرێت، چونكە قامیش دژەئۆكسید لەخۆ دەگرێت، دەتوانێ مرۆڤ لە چەندان نەخۆشی بپارێزێ بەتایبەتی لە نەخۆشیی شێرپەنجە. هەروەها دژەهەوكردنیشە و ڤیتامینی "سی" و مەگنسیۆمیش لە قامیشدا هەن، بۆیە وزەی زۆر بە جەستە دەبەخشێت و وا دەكات هەست بە ماندووبوون نەكات و هەستی خەواڵوویی تێدا ناهێڵێت.
ئەوەیش دەڵێن كە ئاوی قامیش بۆ ئەركی هەرس زۆر بەسوودە، جیالەوەی ئەركی ریخۆڵەكانیش باشتر دەكات و پارێزگاری لە جگەریش دەكات، چونكە پۆتاسیۆم و كالیسیۆم لە قامیشدا هەیە و بۆ ئێسك و ماسولكەیش سوودی زۆری دەبێت.
پسپۆران ئاماژە دەدەن كە وێڕای سوودە زۆرەكانی ئاوی قامیش، بەڵام زۆر گرنگە بزانرێ چۆن ئەو ئاوە دەخورێتەوە تا سوودمەند بێت، بۆیە دەڵێن كاتێك ئاوی قامیش دەردەهێنرێت، پێویستە راستەوخۆ بخورێتەوە و هەڵنەگێری بۆ كاتێكی تر، چونكە كاتێك ئاوەكەی لێ دەردەهێنرێت و بە سەردانەپۆشكراوی بۆ ماوەی پێنج خولەك بمێنێـتەوە، ئەگەری زۆرە ئاوەكە تووشی ژەهرایبوون ببێت، ئەوكات تەواوی سەرچاوە خۆراكییەكانی لە دەست دەدات.
روونی دەكەنەوە كە كاتێك ئەو ئاوە بۆ ماوەی پێنج خولەك بمێنێتەوە، دروست وەك كحوولی لێ دێت، ئەو ئۆكسیدەی تێیدایە، كێشە بۆ گەدە دروست دەكات و ژەهراوی دەبێت، ئەوكاتیش لەبری سوودگەیاندن بە مرۆڤ، زیانەكانی زیاتر دەبن. دواتریش ئامۆژگاری دەكەن كە هەرچی پێتان دەكرێ ئاوی قامیش زۆر بەخێرایی بخۆنەوە و چاوەڕێ نەكرێ بۆ ماوەیەك بمێنێتەوە ئەوجا بخورێتەوە، چونكە زیان بە تەندروستیتان دەگەیەنێت.