توێژەران لە زانكۆی باس ویستیان هۆكاری ئەوە بزانن بۆچی پیاوان زیاتر حەز بە خواردنی گۆشت دەكەن، بۆیان دەركەوت كە پێوەندییەكی دەروونی و كۆمەڵایەتی لە نێوان زۆرخواردنی گۆشت و هەستكردن بە بەهێزی و پیاوەتییەوە هەیە.
توێژینەوەكە زیاتر لە هەزار پیاوی بەریتانی گرتەوە، دەركەوت ئەو پیاوانەی پابەندن بە پێوەرە كۆنەكانی پیاوەتی، ئەو بە خواردنی بڕێكی زیاتری گۆشتی سوور و مریشك دەكەن، خواستی كەمتریان بۆ وازهێنان لێ بۆ خۆراكە رووەكییەكان هەیە، ئەنایا بروسەر توێژەر دەڵێت، چەند هۆكارێك هەن بۆ نەخواردنی گۆشت و شیرەمەنییەكان، هۆكاری تەندروستی یان ژینگەیی و ئەخلاقی، بەڵام زۆرێك، بەتایبەتی پیاوان، لە خواردنی گۆشت بە بڕێكی زۆر بەردەوامن.
توێژینەوەكە سەرنجی خستە سەر پێوەندیی زۆرخواردنی گۆشت و بیروباوەڕی پیاوەتی، پرسیارێكی گرنگی ورووژاند، ئاخۆ بیرۆكەی راوكردن لای مرۆڤی سەرەتایی تا ئێستەش لە كولتووری خۆراكی مرۆڤ ماوە، ئەوجارە لە ناو چێشتخانە و ئاهەنگەكانی گۆشتبرژاندن، گفتوگۆكان لەوبارەوە دەریان خست كە هەست بە گوشارێكی دەروونی دەكەن بۆ خواردنی گۆشت، بەتایبەتی لە بەربەرەكانی پیاوانی تر، چونكە هەندێكیان وا دەزانن زۆرخواردنی گۆشت پێوەندیی بە بەهێزی و پیاوەتییەوە هەیە، بەشدارێكی 40 ساڵی گوتی، هەست دەكەم ناچارم بۆ گۆشتخواردن، هەست بە ئاسوودەیی زیاتر دەكەم لەوەی زەڵاتە یان ماكەرۆنە بخۆم.
توێژینەوەكە ئەوەشی گوت كە زۆرێك لە پیاوان كە گۆشتی زۆر دەخۆن، شوێنگرەوەی رووەكی بۆ گۆشت بە ئاسایی نازانن، كاتێك پرسیاریان لێ كرا چی وایان لێ دەكات واز لە گۆشت بێنن، گوتیان رێنوێنیی پزیشكی یان گۆڕینی هاوڕێ، چونكە پێوەندییەكانمان لەسەر بنەمای ئاكارەكانی خواردن و وەرزشكردن بنیات نراون، توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە پێوەرەكانی پیاوەتی بەربەستی سەرەكییە لەبەردەم پێڕەوكردنی سیستمێكی خۆراكی رووەكی.