رەنگە هەندێك كەس زیاتر لە خەڵك هەست بە سەرما بكەن، بە شێوەیەك لە ناو خەڵك هەست بكەن كە جیاوازن و ناچاری كوژاندنەوەی فێنككەرەوە ببن، دەرمانسازێك وریایی لە هەستكردنی بەردەوام بە سەرما دەدات، كە رەنگە ئاماژە بۆ بوونی كێشەیەكی مەترسیداری تەندروستی بكات و تەنیا پێوەست نەبێت بە كەشوهەواوە.
وەك رۆژنامەی
"میرۆر"ی بەریتانی باسی دەكات، نیام ماكمیلان دەرمانساز دەڵێت، رەنگە هەستكردنی بەردەوام بە سەرما پێوەندیی بە تەمبەڵی و خامۆشیی رژێنی دەرەقییەوە هەبێت، كە پلەی گەرمیی لەش دادەبەزێنێت و هەستیاری بۆ سەرما زیاد دەكات، رەنگە ئەو حاڵەتە قەبزی و خەمۆكی و ئازاری ماسولكەشی لەگەڵدا بێت.
وەك ئەو دەرمانسازە ئاماژە دەكات، هەندێك حاڵەتی تریش هەن خاوەنەكانیان بە بەردەوام هەست بە سەرما دەكەن، لەوانە نەخۆشی رینود، واتە تەسكبوونەوەی لوولەكانی خوێن لە پەنجەكان، كە دەبێتە هۆی هەستكردنی بە سڕبوون و گۆڕانی رەنگیان بۆ سپی و شین لەكاتی سەرمادا.
كەمخوێنی، واتە كەمیی خڕۆكە سوورەكانی خوێن كە ئۆكسجین بۆ خانەكانی لەش دەگوازنەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ساردبوونی دەست و قاچ و ماندووبوون و سەرسووڕان و سپیهەڵگەڕانی پێست، جۆری دووەمی نەخۆشیی شەكرە، كە دەبێتە هۆی تێكچوونی دەماری پەلەكان و هەستكردن بە سەرما، لەگەڵ دەركەوتنی نیشانەی تری وەك تێنوێتی و زۆرمیزكردن و ماندووبوون و لەدەستدانی كێشی لەش.