پێوەندیی گرووپی خوێن و تووشبوون بە سەكتەی مێشك چییە؟

:: PM:09:58:30/09/2025 ‌

توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای كرد كە پێوەندی لە نێوان گرووپی خوێنی A  و مەترسیی تووشبوون بە سەكتەی پێشوەختەی مێشك هەیە، كاتێك ئەوانەی ئەو جۆرە خوێنەیان هەیە زیاتر لە جۆرەكانی تر لە تەمەنی پێش 60 ساڵی ئەگەری تووشبوونیان بە سەكتەی مێشك هەیە. 

توێژینەوەكە باسی ئەوە دەكات كە دوای شیكردنەوەی داتای 17 هەزار نەخۆشی سەكتەی مێشك و 600 هەزار كەسی ئاسایی، دەركەوت پێوەندییەكی روون لە نێوان جینی بەرپرس لە گرووپی خوێنی A1  و  مەترسیی تووسبوونی پێشوەختە بە سەكتەی مێشكەوە هەیە، كاتێك ئەنجامەكان دەریان خست كە كەسانی خاوەن ئەو جۆرە خوێنە بە رێژەی زیاتر لە 16% هەلی تووشبوونیان بە سەكتەی مێشك بەر لە تەمەنی 60 ساڵ هەیە، لەوكاتەی مەترسیی تووشبوونی گرووپی O1 بە رێژەی كەمتر لە 12% بوو.

ستیڤن كیتنەر سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە و پسپۆڕی دەمار لە زانكۆی مێریلاند دەڵێت، تا ئێستە هۆكاری وردی ئەو زیادبوونی مەترسیی تووشبوونە بە سەكتەی مێشك لای ئەو گرووپە نەزانراوە، بەڵام ئەگەری هەیە پێوەندی بە هۆكارەكانی مەیینی خوێنەوە هەبێت وەك خەپڵەكانی خوێن و خانەكانی ناوپۆشی لوولەكانی خوێن و پرۆتینەكانی ناو خوێن، كە ئەوانە رۆڵ لە دروستبوونی جەڵتە و مەین هەیە. 

ئەنجامەكانی تری توێژینەوەكە دەری خست كە ئەوانەی خاوەن گرووپی خوێنی Bین بە رێژەی 11% ئەگەری تووشبوونیان بە سەكتە هەیە، لەوكاتەی لە توێژینەوەكانی پێشتر ئاماژە كرابوو كە ریزبەندی جینیی هەردوو گرووپەكەی سەرەوە پێوەندییان بە ئەگەری مەترسیی زیاتری تووشبوون بە جەڵتەی دەمارەكان و نیشتنی كلس لە ناو خوێنبەری تاجی هەیە، ئەوانەش ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ زیاتر دەكەن. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل