توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە پابەندبوونی درێژخایەن بە سیستمی خۆراكیی كیتۆ، كە سیستمێكی زۆر بڵاوە لەناو خەڵك و بۆ لاوازبوونەوە و خۆپاراستن لە شەكرە سوودی لێ وەرگیراوە، رەنگە چەند مەترسییەكی تەندروستی هەبێت، لەوانە زیادكردنی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و جگەر.
بەپێی
توێژینەوەكە پێڕەوكردنی سیستمی كیتۆ بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، كێشە لە رێكخستنی شەكر و چەوریی جگەر و زیادبوونی چەوری خوێن دروست دەكات، كە ئەوانەش هۆكارن بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن، تاقیكردنەوە لەسەر مشك كرا و ئەوان چوار جۆر خۆراكی جیاوازیان بۆ ماوەی هەشت مانگ پێ درا، كە بەرانبەر بە چەند دەیە ساڵێكە لای مرۆڤ.
بەپێی ئەنجامەكان ئەو مشكانەی بە سیستمی كیتۆ خۆراكیان پێ درا كێشان كەمتر بوو، بەڵام چەند نیشانەیەكی نیگەرانكاری تەندروستیان لەسەر بەدیار كەوت لەوانە زیادبوونی چەوری لە خوێن و كێشە لە خانەكانی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین و چەوری جگەر لە نێرە، بۆیە رەنگە پێڕەوكردنی سیستمەكە لە ماوەیەكی كورت سوودی هەبێت، بەڵام لە ماوەیەكی دووردرێژ كێشەی هەیە، بۆیە پێویستە پیادەكردنی سیستمەكە بە راوێژی پزیشكی شارەزا بێت و بە بەردەوام چاودێریی كاریگەرییە نەرێنییەكانی بكرێت، وەك زیادبوونی رێژەی چەوریی خوێن و ماندووبوونی گورچیلەكان و كێشە لە كۆئەندامی هەرس.