بۆ باشكردنی یادەوەری زەیتی زەیتوون بخۆن

:: PM:07:41:01/10/2025 ‌

یەكێك لە كێشە گەورەكانی مرۆڤی ئەو سەردەمە لەبیركردنە، جیا لەوەی هەندێك نەخۆشی دروستی دەكەن، لە حاڵەتی ئاساییش بەهۆی جەنجاڵیی مێشك و زۆری ئەركەكانی رۆژانە و تێكهەڵكێشییان، مرۆڤ شت لەیاد دەكات و لە كاتی خۆی بیری نایەتەوە، توێژینەوەیەك ئاماژە دەكات كە خواردنی رۆژانەی نیو كەوچكی بچووكی زەیتی زەیتوون تێكەڵ بە ئاو یادەوەری باشتر دەكات.

توێژینەوەكە ئاماژە دەكات كە خواردنی رۆژانەی نیو كەوچكی بچووك لە زەیتی زەیتوون لەگەڵ كووپێك ئاوی شلەتێن مێشك دەپارێزێت و مەترسیی لاوازبوون و لەدەستدانی یادەوەری كەم دەكاتەوە، توێژینەوەكە زیاتر لە 92 هەزار كەسی لە ماوەی 28 ساڵ گرتەوە، دەركەوت خواردنی رۆژانەی زەیتی زەیتوون، مەترسیی مردن بەهۆی خەڵەفان بە رێژەی 28% كەم دەكاتەوە، جیا لەوە توێژینەوەكانی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی دەری خستووە كە ئەو زەیتەی زەیتوون كە بە رێگەی سروشتی بەرهەم هێنراوە، فەرمانی مێشك بەهێز دەكات.   

هۆكاری ئەوەش بەهۆی ئەوەیە كە ئەو زەیتە چەوری تەندروست و پۆلیفینۆلی تیادایە، چونكە چەوری یەكانەی ناتێر هاتوچۆی خوێن باشتر دەكات و رێژەی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش كەم دەكاتەوە و پەردەكانی خانەی مێشك بەهێز دەكات و پارێزگاری لە جیڕییان دەكات، هەرچی پۆلیفینۆلە، دژەئۆكسێنەرێكی بەهێزە و هەوكردن كەم دەكاتەوە و رووبەڕووی ئەركی بەئۆكسیدبوون دەبێتەوە و یارمەتی لابردنی پرۆتینی زیانبەخشی پێوەندیدار بە ئەلزەهایمەر دەدات. 

توێژەران دەڵێن، تۆ دەتوانیت زەیتی زەیتوونی بەرهەمهێنراو بە رێگەی سروشتی و نوێ لە ناو شووشەیەكی تاریك هەڵبگریت، رۆژانە بەیانیان نیو كەوچكی بچووكی بخە ناو كووپێك ئاوی شلەتێن، واتە لەسەر گەدەی بەتاڵ و پێش ژەمەكان، سوودی بۆ باشكردنی هەرسكردن و كەمكردنەوەی هەوكردن و باشكردنی تەندروستیی دڵ هەیە، بەڵام پێویستە ئەوانەی چاودێریی كێشیان دەكەن یان دەرمانی شلكردنەوەی خوێن دەخۆن و ئەوانەشی كێشەی هەرسكردنیان هەیە، دەبێت وریا بن و راوێژ بە پزیشكی شارەزا بكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل