وێرای ئەوەی پسپۆرانی بواری خۆراك، ئامۆژگاری دەدەن كە هەرچی دەكرێ بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەكان بدرێت بۆ تەندروستییەكی باشتر، بەڵام وەك پەندێكی كۆن، زیاتر باس لە سێو كراوە كە دەگوترێ، "ئەگەر رۆژانە یەك سێو بخۆیت، ئیتر پێویستیت بە سەردانی پزیشك نابێت". بۆیە پسپۆرێكی بواری خۆراك، باس لە سوودەكانی سێو دەكات كە ئەگەر رۆژانە یەك سێو بخۆن، لە ماوەی یەك هەفتەدا چی بەسەر جەستەتاندا دێنێت؟.
پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی پێگەی Prevention وەرگرتووە، لۆرین ماناكر كە پزیشكێكی پسپۆر لە بواری خۆراكە، قسەی بۆ ئەو پێگەیە كردووە و رۆشنایی خستووەتە سەر سوودەكانی سێو بۆ تەندروستیی مرۆڤ. ئەو پزیشكە ئەزموونی لە خۆی وەرگرتووە كە رۆژانە یەك سێوی بۆ ماوەی یەك هەفتەدا خواردووە، دواتر ئەنجامەكەی لەسەر تەندروستیی خۆی بۆ دەركەوتووە و ئەوەی بۆ ئاشكرا بووە، تەواوی ئەندامانی جەستەی گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە و زۆریش تەندروستتر بووە.
ئەو پزیشكە زیاتر لەبارەی سوودەكانی سێو دەڵێت، بەرلەوەی ئەزموومەنەكە لەسەر خۆم بكەم، بڕوام نەدەكرد گۆڕانكارییەكان بەو شێوەیە بێت كە هەستم پێ كردووە، بۆیە مایەی دڵخۆشی بوو، بە روونی لە ئەزموونی خواردنی سێو بەو شێوەیە و رۆژانە یەك سێو، ئەوەت بۆ دەردەكەوێت، ئەركی هەرس لە جەستەتدا زۆرباش دەبێت، جیالەوەی لە تەواوی جەستەتدا هەست بە وزەیەكی زۆرباش دەكەیت، بەتایبەتی لە دوای كاتەكانی نیوەڕۆ. خۆ ئەگەر ئەزموونەكە رۆژانە لە كاتێكی دیاریكراودا بكرێت، سوودەكانی باشتریش دەبێت.
ئەو پزیشكە زیاتر باس لە سوودەكانی سێو دەكات و دەڵێت، سوودەكانی سێو لەڕووی زانستی جێگیر كراوە كە بۆ تەندروستیی گشتی زۆر پێویستە. سێو كە بە ریشاڵ دەوڵەمەندە، جووڵەی خۆراك لە ریخۆڵەدا باشتر دەكات و كاریگەریی لەسەر ئەركەكانی هەرس دەبێت، هاوكات رۆڵی زۆری هەیە لەوەی مرۆڤ تووشی قەبزی نەبێت.
هەروەها چونكە سێو شیرینییەكی سروشتیی هەیە، بەو ریشاڵەی هەیەتی، وا دەكات رێژەی شەكر لە خوێندا بەرز نەبێتەوە و ئاستی رادەگرێت، جیالەوەی سەرچاوەیەكی زۆر گرنگە بۆ وزەی زیاتر. هاوكات سێو وەك میوەیەك لە دژەئۆكسید دەوڵەمەندە و هاوكاریی شانەكان دەكات لە تێكچوون، بەتایبەتی مادەی كیرسیتین، ئەویش دژەئۆكسیدە و تایبەت دژی هەوكردنە و بەرگریی جەستە بەهێزتر دەكات.
دواتریش سێو رۆڵی زۆریشبۆ تەندروستیی مێشك هەیە. ئەو دژەئۆكسیدەی لە سێودا هەیە و بەتایبەتی كیرسیتین، پارێزگاری لە شانەكانی مێشك دەكەن.
دواتریش ئەو پزیشكەی پسپۆری بواری خۆراك، هۆشداریی لە زێدەڕۆیی خواردنی سێو دەدات و دەڵێت، دروستە كە سێو سوودی زۆری هەیە، بەڵام ناكرێ لە خواردنی زێدەڕۆیی بكرێت، بەتایبەتی ئەگەر زۆر بخورێت، كاریگەریی لەسەر ئەوانەیە كە تووشی نەخۆشیی قۆڵۆن بوون، بۆ ئەوەیش تووشی غازات و ئازاری گەدەیان دەكات.