ئەمڕۆ پێنجشەم دووى ئۆكتۆبەری 2025 توێژینەوەیەكی نوێی بەریتانی هۆشداری دا لە مەترسییەكانی كەمخەوی و ئاشكرای كرد كە دەبێتە هۆی ئەوەی مێشك لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆی پیرتر دەربكەوێت، ئەمەش مەترسییەكانی دابەزینی ئاستی ژیری و تووشبوون بە خەڵەفان بەرز دەكاتەوە.
بەپێی ماڵپەڕی "ساینس ئالێرت"، توێژینەوەكە پشتی بە داتای زیاتر لە 27 هەزار كەس بەستووە كە تەمەنیان لەنێوان 40 بۆ 70 ساڵیدایە. لە ڕێگەی تەكنەلۆژیای وێنەگرتنی مێشكەوە كە پشتگیری لە ژیریی دەسكرد دەكات، تەمەنی بایۆلۆجیی مێشك هەڵسەنگێندراوە، ئەمەش لەسەر بنەمای نیشانەكانی وەك تەنكبوونەوەی توێكڵی مێشك و زیانگەییشتن بە لوولەكانی خوێن.
ئەنجامەكان دەریانخستووە، ئەو كەسانەی خەویان ناڕێك و ناتەندروستە وەك خەوتن بۆ ماوەیەكی كەم، تووشبوون بە خەوزڕان، یان خەواڵوویی زۆری ڕۆژانە، مێشكیان نزیكەی ساڵێكی تەواو لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆی پیرتر دەردەكەوێت.
توێژینەوەكە دووپاتی كردووەتەوە، هەرچەندە ئەم جیاوازییە لەوانەیە بە كەم سەیر بكرێت، بەڵام ئاماژەیەكی مەترسیدارە، چونكە "خێرابوونی پرۆسەی پیربوونی مێشك" پەیوەستە بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە خەڵەفان و مردنی پێشوەختە.
توێژینەوەكە پێنج هۆكاری سەرەكیی دیاری كردووە كە كاریگەرییان لەسەر "ئاستی تەندروستیی خەو" هەیە، ئەوانیش: ماوەی خەوتن، شێوازی کاتیی خەو (بەیانیان یان ئێواران)، خەوزڕان، پرخەپرخ، هەروەها خەواڵوویی لە ڕۆژدا. هەرچەندە ئەم ئاستە نزمتر بێت، پرۆسەی پیربوونی مێشك خێراتر دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەكات كە باشتركردنی خووەكانی خەوتن كارێكی ئەنجامدانە. پابەندبوون بە خشتەیەكی ڕێكی خەو، كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كافایین و سەیری شاشەكان پێش خەوتن، لەگەڵ دابینكردنی ژینگەیەكی ئارام و تاریك، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی مێشك و هێواشكردنەوەی پرۆسەی پیربوونی.