ئێستە نەخۆشیی چەوری جگەر یەكێكە لە نەخۆشییە زۆر بڵاوەكان لە دنیا و تا دێت ژمارەی تووشبووانی زیاتر دەبێت، بەتایبەتی چەوری جگەری ناكحولی، كە پێوەستە بە قەڵەوی و نەخۆشی شەكرە و بەدخۆراكی و كەمجووڵانەوە، لە حاڵەتی پشتگوێخستنی رەنگە نەخۆشییەكە بۆ هەوكردنی جگەر و بەریشاڵبوون تا دەگاتە شێرپەنجەی جگەر پەرە بستێنێت.
د. برادیب فیكاریا شارەزایەكی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس لە هیندستان دەڵێت، پێویستە نیشانە زووەكانی ئەو نەخۆشییە پشتگوێ نەخرێت، چونكە رەنگە بە بێ دەنگی بۆ قۆناغی مەترسیدار پەرە بستێنێت بێ ئەوەی نەخۆش هەستی پێ بكات، لەوانە ئاوسانی قاچ، لە نیشانە زووەكانی حاڵەتەكەیە و بەهۆی كۆبوونەوەی شلە لە پێ و پاژنە دروست دەبێت و قەبارەیان زیاد دەكات.
ئەو پزیشكە زیاتر روونی دەكاتەوە بەوەی ئەگەر بتەوێ لە بوونی حاڵەتەكە دڵنیا بیت، بۆ چەند چركەیەك پەنجە بخەرە سەر شوێنە ئاوساوەكە، ئەگەر وەك چاڵێك یان شوێنپەنجەكەت مایەوە، ئەوە نیشانەی كۆبوونەوەی شلە و چەوری جگەرە و نابێت پشتگوێ بخرێت و وا لێك بدرێتەوە بەهۆی زۆر وەستان یان رۆیشتن وای لێ هاتووە، كە رەنگە وریاكردنەوەیەكی پێشوەختەیە بۆ تێكچوونی جگەر و ئاشكراكردنی زووی حاڵەتەكە ژیانی نەخۆش رزگار دەكات.