كەی خێرابوونی لێدانی دڵ مەترسیدارە؟

:: PM:09:16:06/10/2025 ‌

یەكێك لە حاڵەتەكان یان كێشە تەندروستییەكانی زۆر كەس بەدەستییەوە دەناڵێنن، خێرابوونی كتوپڕی لێدانی دڵیانە و ئەوەش چەند هۆكارێكی هەیە، بە گشتی ئەگەر بەردەوام بێت پێویست بە سەردانیكردنی پزیشكی شارەزا هەیە، بەڵام كەی مەترسیدارە؟

وەك ماڵپەڕی "هێڵس لاین"، باسی دەكات، خێرابوونی تێكڕای لێدانی دڵ بۆ زیاتر لە 100 ترپە لە خولەكێك لە كەسانی پێگەیشتوو، رەنگە نیشانەیەكی ئاسایی نەبێت و ئاماژە بۆ كێشەی تەندروستی بكات، چەند هۆكارێك بۆ ئەو حاڵەتە هەیە، لەوانە رارایی و نیگەرانی و زۆرخواردنی كافایین وەك چا و قاوە و زۆرخواردنەوەی كحول و تێكچوونی هاوسەنگیی خوێەكان لە لەش و كەمخوێنی و كێشەی هۆرمۆنی و تا و ئەنجامدانی وەرزش یان كاری قورس و كاریگەری لابەلای هەندێك دەرمان و جگەرەكێشان. 

ئەو هۆكارانەی وا دەكەن لێدانی دڵ زیاد بكات بریتین لە، كەمخوێنی و كێشە زگماكییەكانی دڵ یان كێشەی تری دڵ كە كاریگەری لەسەر پاڵنانی خوێن هەیە و هاریی رژێنی دەرەقی و زۆر خواردنەوەی كافایین و رارایی و وەرزش و ئەركی قورس، بە گشتی ئەگەر لێدانی دڵ لە خوار 60 ترپە یان لە سەرووی 100ترپە لە خولەكێك بێت و بەردەوام بێت، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەم نیشانانەی لەگەڵ بێت، هەناسەتەنگی و لەهۆشخۆچوون و سەرسووڕان، قورسبوونی سینگ و بێتوانایی بۆ وەرزشكردن.

د. ئەمیر عادل راوێژكاری نەخۆشییەكانی دڵ و قەستەرە دەڵێت، لێدانی خێرای دڵ لە كاتی ئەرككێشان و هەڵچوون و راراییدا ئاساییە و مایەی نیگەرانی نییە، بەڵام ئەگەر كتوپڕ و بێ هۆكار و ئەرككێشان هات، دەبێت پشتگوێ نەخرێت، بەتایبەتی ئەگەر كاری لە ئەرك و ژیانی رۆژانە كرد، چونكە رەنگە پێوەندی بە بوونی كێشە لە ماسولكە یان دەمەوانەكانی دڵەوە هەبێت یان نیشانەیەك بێت بۆ هەندێك نەخۆشی وەك بەرزیی پەستانی خوێن و كەموكوڕی لە خوێنبەرەكان.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل