خەمۆكی یەكێكە لە كێشە بڵاوەكانی دەروونی و زۆرێك تووشی بوونەتەوە و مرۆڤ بە هەردوو رەگەز بە توندی و سووكی دەیگرێت، توێژەرانی ئوسترالیا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە لەبەر چەند هۆكارێكی بۆماوەیی ژنان زیاتر تووشی دەبنەوە، ئەوەش كار لە چارەسەركردنی باشتری حاڵەتەكە دەكات.
لە توێژینەوەكە، كە پەیمانگەی بیر گوفەری پزیشكی سەرپەرشتی دەكات و فرەوانترین توێژینەوەیە لەو بارەوە كرابێت، زانایان بۆ ئاشكراكردنی رەگوڕیشەی بۆماوەیی حاڵەتەكە، ترشی ناوەكیی نزیكەی 200 هەزار كەسیان شی كردەوە كە خەمۆكییان هەبوو، دەركەوت ژنان دوو هێندی پیاوان هۆكاری جینیی خەمۆكیان هەیە.
جودی تۆماس توێژەر دەڵێت، دیاریكردنی هۆكارە بۆماوەییەكانی خەمۆكی لە پیاوان و ژنان یارمەتیمان دەدات باشتر لە هۆكاری حاڵەتەكە تێبگەین و رێگەش بۆ دۆزینەوەی چارەسەری باشتر خۆش دەكات، توێژەران نزیكەی 13 هەزار نیشانەی جینیی تایبەت بە خەمۆكییان لە ژنان دۆزیەوە، بە بەراورد بە حەوت هەزار نیشانە لە پیاوان، كە رەنگە ئەو جیاوازیەش كار لە پرۆسەی میتابۆلیسم و بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەكان بكات.
جودی تۆماس ئاماژە دەكات، لە توێژینەوەكە هەندێك جیاوازیی بۆماوەییمان دۆزیەوە كە رەنگە یارمەتیمان بدات بۆ لێكدانەوەی دەركەوتنی هەندێك نیشانەی پێوەست بە میتابۆلیسم لەسەر ژنانی تووشبوو بە خەمۆكی زیاتر لە پیاوان، وەك گۆڕان لە كێشی لەش و ئاستی وزەی لەش.
شایەنی باسە بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، خەمۆكی یەكێكە لە بڵاوترین كێشە دەروونییەكان و زیاتر لە 300 ملیۆن كەس لە دنیا بە دەستییەوە دەناڵێنن.