توێژینەوەیەك: پیاز شەكرەی خوێن و كۆلیسترۆل دادەبەزێنێت

:: PM:07:11:08/10/2025 ‌

نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنە بڵاوەكان لە دنیا، بەتایبەتی هەردوو جۆری یەكەم و دووەمی، كاتێك لەبەر چەند هۆكارێك ئاستی شەكر لە خوێن بەرز دەبێت و ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت، دوای چەند ساڵێك كاریگەرییە نەرێنییەكانی نەخۆشییەكە بەدیار دەكەون، توێژینەوەیەك باسی ئەوە دەكات كە خواردنی پیاز سوودی گەورەی بۆ كۆنترۆڵكردنی شەكرە هەیە.

وەك رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا"، باسی دەكات، لە توێژینەوەیەك دەركەوتووە كە لە كاتی خواردنی ئاوی پیاز لەگەڵ دەرمانی میتفۆرمینی دژی شەكرە، بە رێژەیەكی بەرچاو شەكر لە خوێن دادەبەزێنێت تا ئاستی 50%، ئەوەش لە تاقیكردنەوەیەك لەسەر مشك ئەنجام درا، جیا لەوە بووە هۆی دابەزاندنی رێژەی كۆلیسترۆل، ئەوەش واتە ئەگەر پیاز بخرێتە ناو سیستمی رۆژانەی خۆراك، بۆ تەندروستیی دڵ و شەكرە سوودی هەیە. 

دەركەوتووە پیاز رۆڵی لە رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن و كۆلیسترۆل و باشكردنی میتابۆلیسم بە گشتی هەیە، كالۆریی كەمە و خواست بۆ خواردن زیاد دەكات، بۆیە بژارەیەكی باش و تەندروستە، نەخۆشانی شەكرە دەتوانن بە فرێشی و بە كوڵاوی و برژاوی و تێكەڵ لەگەڵ شتی تر بیخۆن، دەركەوتووە كە زۆر خواردنی پیاز سوودی زۆرە و وای كردووە وەك تەواوكەرێكی سروشتی خۆراك بۆ بەهێزكردنی تەندروستیی دڵ و لوولەكانی خوێن و نەخۆشانی شەكرە بەكار بێت، بۆیە سەبارەت بە نەخۆشانی شەكرە دەكرێ لەپاڵ وەرگرتنی چارەسەری، بیخۆن و لەو رێگەوە كۆنترۆڵی شەكرەیان بكەن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل