پزیشكێك: مۆبایل مرۆڤ رارا دەكات و سیستمی بەرگری لاواز دەكات

:: PM:08:45:09/10/2025 ‌

زۆرینەی شارەزایانی تەندروستی پێیان وایە مۆبایلی زیرەك بەهۆی خراپ بەكارهێنان و ئاڵوودەبوونی و بەكارهێنانی بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، بووەتە سەرچاوەیەكی گەورە نەهامەتی و مرۆڤ لە تەمەنە جیاجیاكان و تووشی چەندان كێشە گەورەی تەندروستی دەكات، پزیشكێك وریایی لەوە دەدات كە مۆبایل سەرچاوەی رارابوونی مرۆڤ و لاوازیی سیستمی بەرگریی لەشیەتی.

د. مارك هیمان پزیشك و نووسەر كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆی هەیە و ملیۆنان كەس سەیری دەكەن و سەرنج دەخاتە سەر ئاكار و هەڵسوكەوتی رۆژانەی مرۆڤ و كارگەرییان لەسەر تەندروستی مێشك و جەستەیان، ئەو دەڵێت، مێشكی ئێمە پڕ بووە لە ئاماژەی بێ كۆتا بەهۆی ئەولا ئەولاكردن لە ئینتەرنێت و چوونە ناو گفتوگۆی توندەوە، بەتایبەتی لەگەڵ باڵادەستبوونی سیاسەت بەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە. 

روونی كردەوە، ئەو هاندانە بەردەوامەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەردانی هۆرمۆنی رارایی وەك كۆرتیزۆل زیاد دەكات و چالاكیی ئەو بەشەی مێشك زیاد دەكات كە بەرپرسە لە وەرگرتنی ئاماژەی ترس و رارایی، بەوەش ئەو كەسە تووشی نیگەرانی و هەڵچوون و شەكەتی بەو هۆیەوە دەبێت و توانای سەرنجدانی كەم دەبێتەوە و كار لە نوستنیشی دەكات و سیستمی بەرگریی لەشی لاواز دەبێت. 

ئەو پزیشكە داوای وەرگرتنی ماوەیەكی رێكخراوی حەسانەوە و دووركەوتن لە مۆبایل و رۆیشتن لە هەوای كراوە و ئەنجامدانی راهێنانی هەناسەدان دەكات، پێی وایە دووركەوتنەوە لە ژاوەژاو تەنیا حەسانەوە نییە، بەڵكو بۆ تەندروستیی مێشك و جەستە پێویستە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل