بۆچی ژنان زیاتر لە پیاوان دەژین؟

:: PM:06:49:12/10/2025 ‌

زانایان ماوەیەكی زۆرە بە دوای هۆكار و وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن، بۆچی لە مرۆڤ و گیانەوەرانیش، مێیینە زیاتر لە نێرە دەژیت؟، واتە تەمەنی درێژترە، توێژینەوەیەكی نوێ هەوڵ دەدات وەڵامی پرسیارەكە بداتەوە و چەند لێكدانەوەیەكی بۆ ئەو بابەتە كردووە.

بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "بی سایمۆلۆجی تودەی"ی ئەمەریكی، وەك ناوەند و لەسەر ئاستی دنیا، پیاوان بە 5.4 ساڵ زووتر لە ژنان دەمرد، ئەو دیاردەش لە تەواوی وڵاتانی دنیا هەیە، بۆ نموونە لە ئەمەریكا جیاوازییەكە دەگاتە 5.8 ساڵ، بەرپرسانی تەندروستی ئاماژە دەكەن كە هەندێك حاڵەت هەن وا دەكەن پیاوان زووتر گیان لە دەست بدەن، وەك نەخۆشی و خۆكوشتن و كوشتن و رووداوەكان.

توێژینەوەیەكی نوێ هەوڵی دا جیا لەوانە هۆكاری تر بۆ ئەو بابەتە بدۆزێتەوە، ئەو سەرنجی خستە سەر هەمان شت لە گیانەوەرانیش، وەك شیردەر و باڵندەكان، دەركەوت ئەوانیش بە هەمان شێوەی مرۆڤ نێرەكانیان زووتر دەمرن، توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە مردنی زووتری نێرە و جیاوازیی تەمەن یاسا و بنەمایە، یەكێك لە هۆكارەكانیش كە لە توێژینەوەكە باسی كراوە جیاوازیی قەبارەی نێر و مێیە، لەو جۆرە ئاژەڵانەی قەبارەی نێرە زۆر گەورەتر بوو، جیاوازیی تەمەنیان زۆر بووە، جیا لەوەش چاودێریكردنی منداڵ هۆكارێكی ترە، كاتێك دایكان بە بەخێوكردنی منداڵ و تێكەڵبوونی خۆشی و ناخۆشیان و ژیانیان سەرقاڵ دەبن و كەمتر بەر مەترسییە دەرەكییەكان دەكەون.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل