توێژینەوەكانی ئەمدواییە كە لەلایەن توێژەرانی زانكۆی كالیفۆرنیاوە ئەنجام دراون، باس لە هەبوونی ئامانجێكی ڕوون لە ژیاندا دەكەن و پێیان وایە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە، بە ڕێژەی 29% كەم دەكاتەوە.
بەپێی ماڵپەڕی "ساینس ئەلێرت" توێژینەوەكەی توێژەرانی زانكۆی كالیفۆرنیا، بەدواداچوونی بۆ 14 هەزار و 786 بەشداربووی سەرووی تەمەنی 45 ساڵ كردووە، پشتی بە داتای تەندروستی و دەروونی درێژخایەن بەستووە.
بەپێی توێژینەوەكە، ئەوانەی ئامانجێكی روونیان هەبووە، كاریان بۆ كردووە بەرێژەی 29% كەمتر لە كەسە بێ ئامانجەكان، تووشی نەخۆشیی بیرچوونەوە بوون.
ئەنجامەكان دەریانخستووە، ئەو كەسانەی ئامانجێكی دیاریان هەبووە، لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا كەمتر تووشی بیرچوونەوە بوون، هەروەها دەستپێكردنی نەخۆشیی بیرچوونەوەیان دواكەوتووە بە بەراورد بەوانەی ئامانجیان نەبووە.
توێژینەوەكە ئاماژەی بەوە نەكردووە كە چ ئامانجێك واتا بە ژیان دەبەخشێت، بەڵام ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەمانە دەتوانن پێوەندیی كۆمەڵایەتی، كار، باوەڕ، یارمەتیدانی كەسانی تر یان دانانی ئامانجی كەسی لەخۆ بگرن.