جووڵە و راهێنانی وەرزشی بۆ ژیانێكی تەندروست زۆر پێویستە، بۆیە گرنگە ئەوە ببێتە خوویەكی رۆژانە بۆ تەندروستیی گشتیی جەستە، بەڵام زۆرجار هەیە كەسانێك لە دوای راهێنانی وەرزشی تووشی سەرئێشە دەبن، بۆیە پێگەیەكی ئەلیكترۆنی هۆكار و چارەسەری ئەو حاڵەتە دەخاتە ڕوو كە مرۆڤ چۆن خۆی لەو سەرئێشەیە رزگار دەكات.
پێگەی ئەلیكترۆنیی "
ئەهرام"ی میسری، هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی پێگەی Iyi Hisset وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، وێڕای ئەوەی هەمیشە راهێنانی وەرزشی بۆ مرۆڤ زۆر پێویست و بەسوودە، بەڵام جاری واش هەیە جۆری راهێنانەكە بە زیان دەشكێتەوە، بەتایبەتی زۆرجار لە دوای راهێنان مرۆڤ تووشی سەرئێشە دەبێت، راستە حاڵەتەكە مەترسیدار نییە، بەڵام گرنگە چارەسەری ئەو جۆرە سەرئێشەیە بزانن.
پێگەكە ئاماژە بەوە دەدات كە زۆربەی ئەوانەی لە دوای راهێنانی وەرزشی تووشی سەرئێشە دەبن، لە بنچینەوە سەرئێشەی لایەكی سەریان هەیە، بۆیە باشترە بەر لە راهێنان، رێنوێنیی پزیشك وەربگرن تا بزانن چۆن راهێنان دەكەن. باس لەوە دەكرێ كە نابێ راهێنانی قورس بكەن و زیاتر راهێنانە ئاساییە سووكەكان بكرێت، چونكە راهێنانی قورس، تووشی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، وشكبوونەوەی جەستە، دابەزینی رێژەی شەكر لە خوێن دەكات.
هاوكات ئامۆژگاری ئەوە دەكەن كە لە كاتی راهێنانەكەدا ئاو نەخۆنەوە، تەنانەت لە دوای راهێنانیش بە دوو سەعات، ئەوجا ژەمێك خۆراك بخورێت بۆ هاوسەنگكردنی رێژەی شەكر لە خوێن، بۆ ئەوەیش باشترە ئەو خۆراكانە بخۆن كە بە پرۆتین و كاربۆهیدرایت و ریشاڵ دەوڵەمەندن، بەوەیش لە سەرئێشەی لە دوای راهێنانی وەرزشی رزگارتان دەبێت.
ئاماژە بەوەش دراوە كە خۆراكی تەندروست، خۆی چارەسەرێكی زۆر پێویستە بۆ نەهێشتنی سەرئێشە، بۆ ئەوەی تووشی سەرئێشەی دوای راهێنان نەبن، باشترە لە خۆراكە شیرینییە دروستكراوەكان و خواردنەوە غازییەكان دوور بكەونەوە، چونكە ئەو جۆرە خۆراك و خواردنەوانە، هۆكارن لەوەی تووشی سەرئێشە ببن، بەتایبەتی دوای راهێنانی وەرزشی.
دواتریش ئامۆژگاری خراوەتەڕوو كە هەرچی پێتان دەكرێ راهێنان لە كەشی گەرمادا نەكەن یان راهێنانی وەرزشی نەكەوێتەبەر هەتاو، چونكە تیشكی هەتاو و كەشی گەرما، هۆكارن بە سەرئێشەی دوای راهێنان.