بۆچی لاوان تووشی كێشەی دڵ دەبنەوە؟

:: PM:10:49:19/10/2025 ‌

لە حاڵەتی ئاسایی نەخۆشییەكان زیاتر پێوەستن بە چوونە ناو تەمەن و لاوازیی سیستمی بەرگریی لەشەوە، واتە بە هەموو پێوەرێك لە لاوان بەدوورن، كەچی لەو سەردەمەدا بەهۆی شێوازی ژیان و سیستمی خۆراكی ناتەندروست، لاوانیش بە هاوشێوەی بەتەمەنداچووەكان مەترسیی نەخۆشییەكانیان لەسەرە، لەوانەش كێشەكانی دڵ.

پزیشكان وریایی لە زیادبوونی تێكڕای تووشبوونی لاوان بە نۆرەی دڵ دەدەن، ئەوان هۆكارەكەی بۆ شێوازی ئێستەی ژیان و ژینگە و خۆراك دەگەڕێننەوە، هەندێك لە شارەزایانی تەندروستی ئەو حاڵەتەیان بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا یان ڤاكسینەكەی بەستەوە، د. برادیب هارانهالی راوێژكاری نەخۆشییەكانی دڵ دەڵێت، هۆكارەكان لەوە زیاترن.

ئەو پزیشكە ئاماژە بۆ شێوازی ئێستەی ژیانی لاوان و ژینگە و سیستمی خۆراك و زۆر كاركردن و سەعاتەكانی كەمی نوستن و زۆری سترێس دەكات، كە هەموو ئەوانە هۆكارن بۆ زیادبوونی تێكڕای نەخۆشییەكانی دڵ لە ماوەی ساڵانی دواییدا، ئێستە لە بری جووڵانەوە و وەرزش، دانیشتن و خامۆشی بە دیار تەكنۆلۆجیا بەسەر ژیانی لاوان زاڵە.  

سەبارەت بە كاریگەریی خۆراكی رۆژانە، بەپێی داتاكان لە 2001 هەر تاكێك بڕی 8.2 كیلۆگرام زەیتی خواردووە، كەچی ئێستە ئەو بڕە بۆ 23.5 كیلۆگرام بەرز بووەتەوە، لە ساڵانی 1950 بڕەكە 2.9 كیلۆگرام بووە، لەوكاتەی بڕی دیاریكراو لە لایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانی 12 بۆ 13 كیلۆگرامە.  

هارانهالی دەڵێت، ئەو گۆڕانكارییە خۆراكییەی دروست بووە لەسەر حیسابی تەندروستیی گشتیی بووە و تێكڕای قەڵەوی و نەخۆشی دڵی بەرز كردووەتەوە، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە شێوازی ژیان و سیستمی خۆراك بكرێت، بە هاوشێوەی ئەزموونی ژاپۆن بۆ ئەو مەبەستە بە خۆپاراستن لە بەرزیی پەستانی خوێن و شەكرە و قەڵەوی و جگەرەكێشان و خۆراكی ناتەندروست.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل