چۆن دەتوانن پارێزگاری لە جوانی و بریقەداریی پرچتان لە وەرزی پایزدا بكەن؟

:: PM:03:10:20/10/2025 ‌
پرچتان بە تاجی سەرتان هەژمار دەكرێت، بۆیە پارێزگاری لە مانەوەی بەشێوەیەكی تەندروست گرنگە، بەتایبەتی لە گۆڕانكاریی لە وەرزەكاندا گۆڕانكارییەكی زۆریش بەسەر پرچدا دێت، ئێستەیش كە لە هاوینەوە چووینەتە وەرزی پایز، پسپۆرانی بواری پێست، چەندان رێنوێنی بۆ خزمەتكردنی پرچمان و مانەوەی بە جوانی و بریقەداری دەخەنەڕوو.

بەشی تەندروستیی پێگەی "ئەهرام"ی میسری، لەسەر زاری پسپۆرانی بواری پێست، چەندان رێنوێنیی بۆ تەندروستیی پرچیان بڵاو كردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە كە كاتێك دەچینە ناو وەرزی پایز، بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە كە هەندێك جار گەرم و هەندێك جاریش سارد دەبێت، كاریگەریی لەسەر پێستی سەر دەكات و ئەو جوانی و بریقەدارییەی پێشتر پرچ هەیبوو، كەمتر دەبێتەوە و پرچ هەڵدەوەرێ و جوانییەكەی لە دەست دەدات، بۆیە گرنگە لەو وەرزەدا بە چەند رێنوێنییەك، پارێزگاری لە پرچتان بكەن.

باس لەوە دەكەن كاتێك وەرزی پایز دێت، پرچ و پێستی سەر لاواز دەبن، ئەویش بەهۆی گۆڕانگاریی كەشەوەیە، بۆیە بەزۆری دەبینرێت لەو ماوەیەدا كاتێك مووەكانی پرچ هەڵدەوەرێن، هۆیەكەی هاتوچۆی خوێن بۆ پێستی سەر لاواز دەبێت، هەروەها پێستی سەر وشك دەبێت كە ئەویش پێوەندیی بە كەشەوە هەیە. هاوكات گۆڕانكاری بە رەنگی پرچ دێت، ئەوەیش بەهۆی بۆیاغی پرچ و بەكارهێنانی ئامێری گەرمكردنەوە هەیە، بەتایبەتی لە وەرزی پایزدا.

پسپۆران باس لە چارەسەری سروشتی دەكەن لەبری دەرمان و بۆ ئەوەیش دەڵێن، بایەخ بە ئەو خۆراكانە بدەن كە بە ئاسن و زەنك و ڤیتامینەكانی "بی" و "ئی" وەك سپێناخ، چەرەزات، هێلكە، ماسی دەوڵەمەندن، ئەو خۆراكانە رەگی مووەكانی پرچ بەهێز دەكەن. هەروەها هەفتانە جارێك زەیتی گوێز بۆ سەرتان بەكار بێن كە پرچتان رەونەقدارتر دەكات.

هاوكات ئاماژە بەوە دەدەن كە ئامێرەكانی وشككردنەوەی پرچ و ئوتووكردنی، مووەكانی پرچ لاواز دەكات بەتایبەتی لە كەشێكی وشكدا. بۆیە لەبری ئەوە، بە زیتی زەیتوون و بادەم، مەساج بە پێستی سەرتان بكەن و ئەویش لەلایەك پرچ بەهێز دەبێت و لەلایەكی تریشەوە بریقەداری دەكات. كاتێكیش لە وەرزی پایزدا دەچنە دەرەوە، هەوڵ بدەن لەچك یان كڵاو و پارچە قوماشێك بكەنە سەرتان، بەتایبەتی لە كەشی سارد و رەشەبا كە ئەو لەچكە پارێزگاری لە پێستی سەر و پرچتان دەكات.

دواتریش پسپۆرانی بواری پێست دەڵێن وەرزی پایز دوژمنی جوانییەكانی ئێوە نییە، بەڵكو دەرفەتێكە بۆ نوێكردنەوەی پرچتان و بایەخی زیاتر پێی كە جوانییەكانتان زیاتر دەردەخات.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د