دابەزاندنی كێش تا چەند رێگرە لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە؟

:: PM:09:35:22/10/2025 ‌

رەنگە زۆرێك كەمكردنەوەی كێشی لەش، بەتایبەتی ورگ، بە رێگەچارە بۆ تووشنەبوون بە نەخۆشی شەكرە یان قۆناغی پێش تووشبوون بزانن، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە كۆنترۆڵكردنی رێژەی شەكر لە خوێن لە دابەزاندنی كێشی لەش گرنگترە، تەنانەت لەوانەشی لە قۆناغی پێش تووشبوونن بە نەخۆشیی شەكرە. 

زۆرجار ئەوانەی كێشەی بەرزیی ئاستی شەكرە لە خوێنیان هەیە، رێنوێنی دەكرێن بۆ كەمكردنەوەی كێشی لەشیان بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی حاڵەتەكە، بەڵام توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە پیادەكردنی سیستمێكی تەندروستی خۆراك و وەرزشكردن تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە بە رێژەی تا 71% كەم دەكەنەوە، تەنانەت ئەگەر كێشی لەشیشیان كەم نەكەنەوە. 

د. ئەندریاس بیركنفلید پسپۆڕی نەخۆشی شەكرە لە زانكۆی توبنگن لە ئەڵمانیا دەڵێت، بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی شەكرە، پارێزگاریكردن لە ئاستی شەكر لە خوێن لەو ژمارەی لەسەر تەرازوو هەیە گرنگترە، واتە كێشی لەشی مرۆڤ، توێژینەوەكە 1105 كەسی گرتەوە لە قۆناغی پێش تووشبوون بە شەكرە بوون، سیستمێكی خۆراك و وەرزشیان بۆ ماوەی 12 مانگ بۆ دیاری كرا، لە 234 بەشدارەی كە كێشی لەشیان كەمی نەكرد، 51یان توانیان ئاستی شەكەری خوێنیان بگەیننە ئاستی ئاسایی و بە رێژەی 71% مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكە كەم بكەنەوە.

توێژەران ئاماژەیان كرد كە لەگەڵ ئەو ئەنجامەش تا ئێستە كەمكردنەوەی كێش بۆ خۆپاراستن لە شەكرە گرنگە، بەڵام هۆكاری تریش هەن، لەوانە ئەو چەورییەی لە هەناوی مرۆڤ هەیە كە پێوەندی بە بەرگریی خانەكانی لەش بۆ ئەنسۆلین هەیە و پێویستە كەم بكریتەوە، بۆیە سیستمی تەندروستیی خۆراك و وەرزشكردن كاریگەریی گەورەیان لە رێكخستنی رێژەی شەكر لە خوێن هەیە، بێ رەچاوكردنی لەدەستدانی كێش، كە رەنگە گرنگ بێت، بەڵام مەرج نییە بۆ پاراستنی مرۆڤ لە تووشبوون.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل