هێلكە ئەو خۆراكەیە كە بەهایەكی زۆری تەندروستیی هەیە و لەسەر ئاستی دنیا بایەخ بە خواردنی دەدرێت. زۆرجاریش پرسیار دەكرێ هێلكە ئەگەر توێكڵی سپی یان زەردباوی هەبێت، كامیان زیاتر بۆ تەندروستی باشترە؟ بۆ ئەوەیش پسپۆرانی بواری خۆراك بۆ پێگەیەكی ئەلیكترۆنی وەڵام دەدەنەوە.
بەشی تەندروستیی پێگەی "شەرق ئەوسەت"، هەواڵەكەی لە پێگەی healthline وەرگرتووە، لەسەر زاری پسپۆرانی بواری خۆراك لەبارەی رەنگی توێكڵی هێلكە ئاماژەیان داوە، توێكڵی هێلكە بەهیچ شێوەیەك پێوەندیی بە بەها تەندروستییەكەیەوە نییە، هەمان ئەو سوودانەی لە هێلكەی سپی هەیە، لە هێلكەی زەردباویش بەهەمانشێوەیە، چونكە رەنگی توێكڵی هێلكە پێوەندیی بە بۆماوەیی هەیە نەك سوودەكانی.
لەبارەی سوودە تەندروستییەكانی هێلكە دەڵێن، هەر هێلكەیەك بەلای كەمەوە شەش تا حەوت گرام پرۆتین لەخۆ دەگرێت، هەروەها لەخۆگرتنی ترشەڵۆكی ئەمینی و ڤیتامینەكانی "ئەی" و "دی" و "بی12"، هاوكات مادەی كۆلین و زیازانسین و چەوری لە هێلكەدا هەیە. هەموو ئەوانە بۆ تەندروستی زۆر بەسوودن.
ئەوەیش دەڵێن كە زەردێنەی هێلكە بۆ مێشك و تەندروستیی چاوەكان زۆر بەسوودە، سپیاییەكەیشی پرۆتینی بێ كۆلیسترۆڵ لەخۆ دەگرێت كە ئەویش بۆ ماسولكە و مێشك و تەندروستی گشتیی زۆر بەسوودە.
بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك دووپاتی دەكەنەوە هەر هێلكەیەك توێكڵی سپی یان زەرباو بێت، هیچ جیاوازییەكیان نییە و هەردوو رەنگ هەمان پرۆتین و چەوری و ڤیتامین لەخۆ دەگرن، لە هەموو گرنگتر ئەوەیە هێلكەی نوێ بخۆن و خۆتان لە بەسەرچوونی مێژووەكەی بپارێزن ئەگەر بەسەرچووبێت.