"دڵخۆشی" گرنگترین هۆكارە كە مرۆڤ تووشی نەخۆشییە بكوژەكان نەبێت

:: PM:03:39:23/10/2025 ‌
ئەنجامی توێژینەوەیەكی زانستیی نوێ، موژدەیەك دەداتە هاووڵاتییانی تەواوی وڵاتانی دنیا و ئاماژە بەوە دەكات، كاتێك مرۆڤ بە دڵخۆشی بژی، ئەو دڵخۆشییە گرنگترین هۆكارە كە تووشی نەخۆشییە بكوژەكان نەبێت، وەك نەخۆشییەكانی دڵ و مێشك و شەكرە و ئەوانی تر، لە كاتێكدا لەسەر ئاستی دنیا، ساڵانە ملیۆنان كەس بەهۆی ئەو نەخۆشییانە گیان لە دەست دەدەن.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی تشرینی یەكەم، توێژینەوەكەی لە رۆژنامەی "ئینبندنت" وەرگرتووە كە توێژەران قسەیان بۆ رۆژنامەكە كردووە و دەڵێن، هەرچەند دڵتان خۆش بێ و بە دڵخۆشی بژین، زیاتر لە تووشبوون لە نەخۆشییە درێژخایەن و بكوژەكان دوور دەكەونەوە، لە كاتێكدا لەسەر ئاستی دنیا، 75%ی ئەوانەی گیان لە دەست دەدەن، بەهۆی ئەو جۆرە نەخۆشییانەیە وەك دڵ و مێشك و شەكرە و ئەوانی تر.

توێژینەوەكە ئاماژەی داوە كە دڵخۆشی تەنیا ئەوە نییە هەستی پێ دەكەیت، بەڵكو دەبێتە هێزێكی كاریگەری تەندروستیی لە دژی نەخۆشییە بكوژەكان، هاوكات قەڵغانێكە لە دژی تەواوی نەخۆشییە مەترسیدارەكان. بۆیە توێژەران دووپات دەكەنەوە كە هەرچەند دڵخۆشییەكەت زیاتر بێت، زیاتر نەخۆشییەكانی دڵ و مێشك و شەكرەت لێ دوور دەكەوێـتەوە.

پرۆفیسۆر یولیا یوگا لە زانكۆی ئەلبا لەبارەی دڵخۆشی و پێوەندیی بە نەخۆشییەكانەوە رای گەیاند، دڵخۆشی بەرهەمهێنەری ئەو وزەیەیە كە لە بواری تەندروستی رۆڵی كارای دەبێت، بۆیە سەرنجدان لەسەر دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و بایەخدان بە خۆراكی تەندروست، بەس نییە بۆ تەندروستییەكی باشتر، بەڵكو دڵخۆشی لە ناوەوەی مرۆڤ بۆ تەندروستیتان زۆر بەسوودە.

توێژەرانی توێژینەوە نوێیەكە، خەڵكی 123 وڵاتی دنیایان كردووەتە پێوەر بۆ دڵخۆشییان و لە ئەنجامدا دەركەوتووە، زۆربەی ئەو وڵاتانەی هاووڵاتییانیان بە خۆشی دەژین و زۆربەی كاتەكانیان بە دڵخۆشی بەسەر دەبەن، زۆرینەیان لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان دوور بوون، بۆیە بەوە گەیشتوون كە دڵخۆشی بۆ مرۆڤ، چەكێكی كاریگەرە لە دژی نەخۆشییە بكوژەكان. 

زانست بەوە گەیشتووە كە هەستكردن بە گەشبینی و دڵخۆشی، راستەوخۆ پێوەندیی بە دابەزینی پاڵپەستۆی خوێنەوە هەیە، هەروەها كۆلیسترۆڵی خراپ لە جەستە لەناو دەبات كە ئەوانە دوژمنی دڵ و مێشكن، چونكە وەك پێشتر ئاشكرا كراوە كە خەمۆكی و رەشبینی، زیاتر رووبەڕووی جەڵتەی دڵ و مێكشتان دەكەنەوە.

توێژەرانی ئەو توێژینەوەیە پەیام بۆ حكوومەتەكانی دنیا دەنێرن و دەڵێن، هەرچی پێتان دەكرێ دڵخۆشی بۆ هاووڵاتییانتان بەرهەم بێنن، چونكە ئەو دڵخۆشییە بەهێزترین ستراتیجی تەندروستی و ئابوورییە، ئەوەیش بە چەند خاڵێك دەكرێت وەك:

بە بەرنامەی بەهێز، دژایەتیی قەڵەویی بكەن. هەرچی پێتان دەكرێ وا بكەن خەڵك لە كحوول دوور بكەونەوە. ئەو هەوایەی دەیمژن، هەوڵ بدەن پاكی بكەنەوە. ئەوەیش پەیامێكی روونە و دواتر كۆمەڵگەیەكی تەندروست دێنێتە كایەوە، هەموو ئەوانە وا دەكەن هاووڵاتییان دڵخۆش بن و دواتریش لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان دوور دەكەونەوە.

 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د