بۆچی لەگەڵ چوونە ناو تەمەن مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاتر دەبێت؟

:: PM:06:34:26/10/2025 ‌

جیا لە چەند هۆكارێكی پێوەست بە بۆماوەیی و ژینگە، چوونە ناو تەمەن یەكێكە لە گرنگترین هۆكارەكانی توشبوون بە شێرپەنجە، كاتێك لە دوای تەمەنی 50 ساڵ مەترسیی تووشبوون زۆر زیاد دەكات، بە شێوەیەك نیوەی حاڵەتەكانی تووشبوون لە تەمەنی 66 و بەسەرەوەیە، بەڵام بۆچی؟

بەپێی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمەریكی بۆ شێرپەنجە، چواریەكی حاڵەتەكە نوێ دەستنیشانكراوەكانی شێرپەنجە لە تەمەنی نێوان 65 بۆ 74 ساڵین، بڵاوترین جۆرەكانی شێرپەنجە زیاتر لای كەسانی بەتەمەنتر دەردەكەوێت، لەوانە شێرپەنجەی مەمك لە ناوەندی تەمەنی 61 ساڵ و شێرپەنجەكانی قۆڵۆن و رێكە لە ناوەندی تەمەنی 68 ساڵ و شێرپەنجەی سییەكان لە ناوەندی تەمەنی 70 ساڵ.

چوونە ناو تەمەن و پیربوون بە چەند رێگەیەك مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاتر دەكەن، چونكە هەرچەند مرۆڤ بچێتە ناو تەمەنەوە، رێژەی ئەو خانانەی بازدانیان تیادا روودەدات زیاتر دەبێت، ئەو خانانەی مەترسیدارن و ئەگەری گۆڕانیان بۆ خانەی شێرپەنجەیی زۆرە، لەگەڵ بەتەمەنداچوون رووبەڕووی هۆكاری زیاتری تووشبوون بە شێرپەنجە دەبینەوە، وەك تیشكی سەروو وەنەوشەیی و مادە كیمیاییە زیانبەخشەكان، لەوانە لە توتن و ڤایرۆسەكانیش، رەنگە هەندێك ئاكاری زیانبەخش مەترسیی تووشبوون زیاد بكەن، وەك زۆرخواردن و خواردنەوەی چا و قاوەی گەرم و زۆر مەیخواردنەوە.    

رەنگە بگوترێت مرۆڤ دەتوانێت خۆی لە هۆكارەكانی دروستبوونی بازدان لە خانەكانی لەش بپارێزێت، ئەوەیان راستە، بەڵام بە تەواوەتی رێگریان لێ ناكات، هۆكاری تر جگە لە بازدان، لاوازبوونی فەرمانی سیستمی بەرگریی لەشە، كە لە كاتی ئاسایی خانە نائاساییەكان لەناو دەبات و نایەڵێت بۆ خانەی شێرپەنجەیی بگۆڕێن و ژمارەیان زیاد ببێت، هۆكارێكی تر دروستبوونی كێشەیە لە سیستمی بەرگریی لەش، واتە بەهەڵەدابردنی سیستمەكە و سەرقاڵیكردنی بە بوونی هەوكردنێكی درێژخایەنی ساختە، ئەوەش وا دەكات بوار بۆ گەشە و زۆربوونی خانە نائاساییەكان زیاتر ببێت و بۆ خانەی شێرپەنجەیی بگۆڕدرێن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل