بەتایبەتی لە وەرزی زستان و كەشی سەرمادا كە تینی هەتاو لاواز دەبێت، بەشێوەیەكی زۆربەی مرۆڤ تووشی كەمبوونەوەی ڤیتامین "دی" دەبێت كە ئەو ڤیتامینە بۆ پارێزگاری لە ماسولكە و ئێسك زۆر بەسوودە، بۆیە بەشی تەندروستیی پێگەیەكی ئەلیكترۆنی، هەندێك ئامۆژگاری دەخاتەڕوو بۆ پارێزگاری لە ئێسكەكان لە وەرزی زستاندا.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 27ی تشرینی یەكەم، هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی پێگەی "تایمز ئۆف ئیندیا" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، پسپۆرانی بواری ئێسك بۆ پارێزگاری ماسولكە و ئێسكەكان لە وەرزی زستاندا ئاماژە بەوە دەدەن، چونكە لە زستان و كەشی سارددا تینی هەتاو لاواز دەبێت، زۆرن ئەوانەی كێشەیان لە كەمبوونی ڤیتامین "دی" دەبێت، ئەو ڤیتامینەیش زۆر گرنگە بۆ بەهێزیی ئێسك.
پسپۆران دەڵێن كە ڤیتامینی "دی" لە تیشكی هەتاو وەردەگیرێت، هاوكات ئەو خۆراكانەی بەو ڤیتامینە دەوڵەمەندن وەك گۆشتی ماسی و سەوزە گەڵادارەكان و زەردێنەی هێلكە و شیرنەمەنی. جیالەوەی بۆ بەهێزكردنی ئێسك مرۆڤ پێویستی بە كالسیۆم دەبێت.
باس لەوەش دەكەن كە كەمیی ئەو ڤیتامینە بۆ جەستە، دەبێتە هۆی لاوازیی ئێسكەكان و هۆكارێكە بۆ شكان، بۆیە ڤیتامین "دی" زۆر پێویستە بۆ هەڵمژینی كالسیۆم و نوێكردنەوەی ماسولكە و ئێسك، چونكە كاتێك تا ئاستی پێویست ئەو ڤیتامینە لە جەستەدا كەم بێت، ئێسك لاواز دەبێت و ئەگەری زۆرە لە كەوتن یان پێكدادانێكی ئاسایی، تووشی شكان بێت.
بۆ وەرگرتنی ڤیتامین "دی" دەڵێن، رۆژانە 20 تا 30 خەلەك خۆتان بدەنەبەر هەتاو، بەتایبەتی لە زستاندا لە سەعات 10ی بەیانی تا سێی پاش نیوەڕۆ، كاتێكی زۆرباش و بەسوودە بۆ وەرگرتنی ڤیتامینەكە.
هاوكات بۆ وەرگرتنی ڤیتامینی "دی"، ئاماژە بە چەندان خۆراك دەدەن كە بۆ ماسولكە و ئێسك بەسوودن، نموونەیان گۆشتی ماسی جۆری سەردین و سەلەموون. هەروەها بایەخدان بە خواردنی شیرەمەنی وەك شیر و پەنیر و كەرە، هاوكات لە رووەكەكانیش باس لە كونجی و سەوزە گەڵادارەكان دەكرێت، لەگەڵ دانەوێڵە بەشێوەیەكی گشتی.